ژمارەیەک لادێی کورد لە جەلەولا لە سەرژمێریی بێبەش دەکرێن

2024/11/20 - 06:00 | 1556 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
ژمارەیەک لادێی کورد لە سنوری ناحیەی جەلەولا بە فشاری عەرەبی هاوردە سەرژمێریی تێداناکرێت و ناوی خێزانە کوردەکان کە پێشتر تۆمارکراون، دەسڕێتەوە.
 
سەباح محەمەد رۆستەم خان، دانیشتوی گوندی (تەپەچەرمو)ـی ناوچەی پاڵانی سەر بە ناحیەی جەلەولا، بە رادیۆی دەنگی وت: لە ساڵی ۱۹۷٥ عەرەبە هاوردەکانیان هێنایە جێگەمان، لەساڵی ۲۰۰۳ گەڕاینەوە شوێنی خۆمان تاوەکو ۱٦ـی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، لەو بەروارەوە  سوپا و حەشد هاتن و لادێکەی ئێمەیان داگیریان کرد تاوەکو ئێستا تێیدان، لەئێستادا سەرژمێرییە گەڕاوینەتەوە و تاوەکو دوشەمە سەرژمێریمان تەواوکرد.
 
وتیشی: خۆمان ٥۷ خێزانین، ۳۹ خێزانمان گەڕاوینەتەوە، رۆژی دوشەمە ناومان تۆمارکرد، ئەمڕۆش هاتنەوە جارێکی تر هەندێک پرسیاریان کرد و وتیان رۆژی یەکشەمە دێن بۆ تەواوی پرسیارەکان.
 
ئاماژەی بەوەشکرد ئێوارە تیمەکە پێیان وتون کە عەرەبە هاوردەکان لیژنەیەکیان لە پارێزگای دیالەوە هێناوە و قبوڵیان نەکردوە ئێمە ناونوس بکرێین و لەشوێنی ناونوسینی لادێکە نوسیانە خاڵی.
 
داواشی لە حکومەتی هەرێم و نوێنەرانی کورد لە پارلەمانی کوردستان کرد بەدەمیانەوە بێن و لێنەگەڕێن عەرەبی هاوردە لە زەوی باو و باپیرانیان بێبەشیان بکەن.
 
دوێنێ ژمارەیەک پارلەمانتار و ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە لە سەر بە عەرەبی هاوردەن، یاداشتێکیان پێشکەش بە پارێزگاری دیالە کرد و ئەویش رەزامەندی دا بەپێکهێنانی لیژنەیەک بۆ سەرپەرشتی پرۆسەی سەرژمێریی لە سنوری ناوچەی پاڵانی و چەند گوندێکی تر.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,256,992     ژمارەی میوان 2559