ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
دادگا بڕیاری بێتاوانیی تۆمەتبارانی روداوەکانی سوتاندنی بازاڕەکانی کەرکوک و هەولێر دەدات

2024/11/06 - 10:20 | 526 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
دادگایەکی تاوان لە بەغدا، بڕیاری بێتاوانیی ئەو سێ تۆمەتبارە دەدات کە بە تۆمەتی سوتاندنی بازاڕەکانی هەولێر و کەرکوک راگیرابون، سەرچاوەیەکیش دەڵێت: بەمنزیکانە ئازاد دەبن.
 
بەپێی نوسراوێکی دادگای ناوەندیی تاوانەکانی سەر بە دادگای تێهەڵچونەوەی بەغداد/ رەسافە، دادگاکە بڕیاری بێتاوانی بۆ هەریەکە لە: (هونەر فەخرەدین ئەحمەد، محەمەد نەجات حەسەن و سیروان حسێن محەمەدئەمین) دەرکردوە کە تۆمەتبارن بە سوتاندنی بازاڕەکانی هەولێر و کەرکوک، ئەویش بەهۆی بەردەست نەبونی بەڵگەی پێویست.
 
ئەگەرچی دادگاکە دوێنێ (٥ـی تشرینی دوەمی ٢٠٢٤) بڕیارەکەی دەرکردوە، بەڵام هێشتا تۆمەتبارەکان کە ماوەی نزیکەی (٦) مانگە راگیراون، ئازاد نەکراون.
 
لەوبارەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە تۆمەتبارەکان کە نەیویست ناوی بهێنرێت، بە رادیۆی دەنگی وت: هۆکاری ئازادنەکردنیان بۆ تەواوکردنی رێکارە ئیدارییەکان دەگەڕێتەوە.
 
بڕوای خۆیشی پیشاندا کە لەم رۆژانەدا ئازاد ببن.
 
رۆژی (١ـی تەموزی ٢٠٢٤)،‌ بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە کۆنگرەیەکی هاوبەشی رۆژنامەوانیدا، دەستگیرکردنی (٣) کەسیان راگەیاند بە تۆمەتی سوتاندنی بازاڕەکانی کەرکوک و هەولێر، یەکێک لەو کەسانەش (هونەر فەخرەدین ئەحمەد) بو کە گەنجێکی دانیشتوی قەزای کفری بو و لە هێزەکانی (٧٠) پێشمەرگە بو و زۆرتر سەروکاری لەگەڵ کاری هونەرییدا هەبو و لەو بوارەدا چالاک بو.
 
بەپێی قسەی ئەو دو بەرپرسە کە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیاندا خستیانەڕو، ئەو کەسانە بە دەستی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) تاوانەکانیان ئەنجامداوە.
 
لە دەقی بڕیارەکەی دادگای ناوەندیی تاوانەکانی سەر بە دادگای تێهەڵچونەوەی بەغداد/ رەسافە، ئاماژە بەوەدراوە بەڵگەی پێویست لەبەردەستتدا نەبوە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ تۆمەتبارەکان، هەربۆیە بڕیاری ئازادکردنی داون.



Dengnet.net - 2025
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,573,450     ژمارەی میوان 6138