دەنگ نێت
بەپێی بەدواداچونێکی رادیۆی دەنگ بەشێک لەو کەسانەی تاوانێکیان ئەنجامداوە دژ بە هێزەکانی پۆلیس لە گەرمیان، هەڵهاتون و دەستگیر نەکراون، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیانیش هۆکارەکەی دەخاتەڕو.
رۆژی ٥ـی ۱۰ـی ۲۰۲۳، کارمەندێکی پۆلیسی گەرمیان بەناوی 'تارق عەبدولخالق مەجید' لەکاتی جێبەجێکردنی بڕیارێکی دەستگیرکردندا لەناحیەی زینانە/ نەوجول، لەلایەن داواکراوێکەوە تەقەی لێکرا و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
عەلی جەمال قەدوری، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، لەبارەی ئەم روداوەوە دەڵێت: ئەو کەسەی تۆمەتبارە بە کوشتنی پۆلیسێک لە ناحیەی نەوجول تاوەکو ئێستا دەستگیر نەکراوە، ئەو کەسە هەڵهاتوە و لەدەرەوەی سنوری ئیدارەی گەرمیانە.
رۆژی ۲٤ـی۱۲ـی ۲۰۲۳ پاش ئەوەی مەفرەزەیەکی پۆلیسی گەرمیان دەچێتە نزیک گوندی ساڵح ئاغا لە گەرمیان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک، بەڵام تۆمەتبارەکە لەگەڵ دو برایدا روبەڕوی پۆلیس دەبنەوە و بە نارنجۆک و کڵاشینکۆف دو ئەفسەر و پۆلیسێک بریندار دەکەن.
وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان لەبارەی ئەم روداوەشەوە دەڵێت: ۳ تۆمەتبار لەو کەیسەدا هەیە کە بران، یەکێک لە تۆمەتبارەکان دەستگیرکراوە و تاوەکو ئێستا راگیراوە، هاوکات فەرمانی دەستگیرکردن بو دو براکەی دیکەش دەرچوە و هێشتا دەستگیر نەکراون.
گومان دەکرێت تۆمەتبارانی ئەو روداوانە بۆ دەرەوەی هەرێم هەڵهاتبن، پرسیار ئەوەیە: ئایا دەکرێت کەسێک تاوانێک ئەنجام بدات و هەڵبێت و دەستگیر نەکرێت، یان پۆلیس پاش هەڵهاتنیان چی دەکات؟
عەلی جەمال، لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا وتی: پەیوەندی هەیە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، هەرکاتێک ئەو کەسانەی فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەردەچێت و رو لە ناوچەکانی عێراق دەکەن، گشتاندن بۆ فەرمانەکە دەکرێت بۆ هەمو پارێزگاکانی عێراق و خاڵە سنورییەکان و فڕۆکەخانەکان.
وتیشی: جاری وا هەیە ئەو کەسە خۆی شاردوەتەوە لە چاوی حکومەت، بەڵام دوای ساڵێک و دو ساڵ دەستگیرکراوە.