سەردانی کاندیدێک بەناوی چالاکوانی ئەنفالەوە بۆ گەرمیان نیگەرانی لێدەکەوێتەوە

2024/09/23 - 10:57 | 825 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
پاش ئەوەی کاندیدێکی هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان بەناوی چالاکوانی ئەنفال و جینۆسایدەوە سەردانی ئیدارەی گەرمیانی کرد، کاردانەوەی بەشێک لە کەسوکاری ئەنفال و هاوڵاتیانی لێدەکەوێتەوە و بە بانگەشەی هەڵبژاردنی دەزانن.
 
دوێنێ شنیار ئەنوەر- ژنە کاندیدی لیستی یەکێتی نیشتمانی بۆ هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان، بەناوی چالاکوانێکی مەدەنی کە کاری لەسەر پرسی ئەنفال کردوە، سەردانی ئیدارەی گەرمیانی کرد و باسی لەوەکردوە دۆسیەی ئەنفالی گەیاندوەتە کۆنگرێسی ئەمریکا و "لە ئێستادا لەلایەن ژمارەیەک کۆنگرێسمانەوە دیراسەی داواکارییەکەی دەکرێت"، ئەمەش وەک لە پەیجی ئیدارەی گەرمیاندا بڵاوکراوەتەوە. 
 
لەو سەردانەدا، بە ئامادەبونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و قایمقامی کەلار و بەڕێوبەری گشتی شەهیدانی گەرمیان و ژمارەیەک لە نوێنەرانی رێکخراوەکانی ئەنفال، کۆبونەوەی فەرمی لەگەڵ کاندیدەکەدا کراوە.
 
لەبەرامبەریشدا، سەردان و کۆبونەوەی ئەو ژنە کاندیدە لەلایەن ژمارەیەک لە کەسوکاری ئەنفالەوە رەخنەی لێگیراوە و بە بانگەشەی هەڵبژاردن زانراوە و هەندێکیشیان بە بەکارهێنانی پرسی ئەنفال زانیویانە.
 
بەختیار رەئوف، کەسوکاری ئەنفال، لەوبارەوە دەڵێت: "ئێمە وەک نەوەی ئەنفال، ڕیگە نادەین کەس نان و پیاز بە ئەنفالەوە بخوات".
 
هاوکات ئەنوەر حەمەلاو، تاقانەی ئەنفال، لەوبارەوە دەڵێت: "گەورەترین شەرمەزارییە، هەموو کەس دەزانێت ئەم کچە  کاندیدە لەسەر لیستی یەکێتی، باشە چەند ساڵە بۆچی قسەی نەبوە لەسەر ئەنفال و بابەتی ئەنفال؟".



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,091,969     ژمارەی میوان 1448