دەنگ نێت
٩ دوکان لە تەلاری گۆیژە لە کەلار بە زۆر دوکانەکانیان پێداخراوە، وەکخۆیان دەیڵێن: بوین بە خەڵوز لەنێوان ئەو کەسانەی کێشەی خاوەندارێتی بیناکەیان هەیە.
تەلاری گۆیژە، لەناوبازاڕی کەلارە و دەکەوێتە پشت کۆڵانی لەنگەفرۆشەکان، ئەم بینایە کێشەی خاوەندارێتی هەیە لەنێوان ماڵی مەلا فایەق و عەلی شەهید محەمەد و شێخ حەسەن تاڵەبانی.
محەمەد عەبدولسەلام، یەکێک لە دوکاندارەکانی بازاڕی گۆیژە، بەرادیۆی دەنگی راگەیاند: ماوەی ٨ رۆژە دوکانەکانمان لەلایەن ماڵی مەلا فایەقەوە داخراوە و دەرگای بیناکەیان داخستوە، چونکە ئێمە نیوەمان دوکانەکانمان لە عەلی شەهید محەمەد و نیوەکەی تر لە شێخ حەسەن تاڵەبانی بەکرێگرتوە.
وتیشی: خاوەنانی پرۆژەکە کێشەیان لەنێوان خۆیاندا هەیە، کەچی هاتون دەرگای دوکانەکانی ئێمەیان داخستوە.
باسی لەوەشکرد لە دادگا سکاڵایان لەسەر ئەو کەسانە تۆمارکردوە کە دوکانەکانیان داخستون، بەڵام بەوتەی خۆی دادگا لێپێچینەوەی لەگەڵ نەکردون.
وتیشی: "کاتێک رۆشتوینە بەردەم یاسا پێیان وتوین ئێوە خەڵوزن لەم نێوانەیاو کێشەکەیان پەیوەندی بە ئێوەوە نییە و ئێوە کرێچین".
لەبەرامبەردا، ئاوارە فایەق، ئەندامێکی خێزانی مەلا فایەق کە تۆمەتبار دەکرێن بە داخستنی دوکانەکان، بە رادیۆی دەنگی وت: بەپێی یاسا حەقی تەسەروفی بیناکە بەدەست ئێمەوەیە، بەڵام ئەو دوکاندارانە کرێمان نادەنێ و ٥٤ ملیۆن پارەی کارەبایان هێناوەتە سەر بیناکە، ئەمە جگە لەوەی زیاد لە ٤۰ سکاڵامان لەسەر ئەو دوکاندارانە کردوە و هەر دۆسییەکیشمان لەدادگا هەیە بەقودرەتی قادر هەموی دادەخرێت.
باسی لەوەشکرد: ئێمە هیچ شتێکمان نەکردوە، تەنها برایەکم وتویەتی یان بڕۆنە دەرەوە یان کرێمان بدەنێ.
لەبارەی چۆنێتی بەکرێدانی دوکانەکانەوە وتی: ئەم دوکانانە کاتی خۆی ئێمە بە کرێی ملیۆنێک دینار ئیعلانمان بۆ کردوە، بەڵام لەلایەن کوڕێکی عەلی شەهید محەمەدەوە بە سەد هەزار دینار پێیاندراوە.
لەبارەی ئەوەی بۆچی بەدەم ئەو سکاڵایەوە ناچن کە دوکاندارەکان لەسەریان تۆماریانکردوە، وتی: ئاگاداری هیچ سکاڵایەک نییم کە لەسەر من یان یەکێک لە براکانم کرابێت.
لایخۆشییەوە، رێکار عەلی شەهید محەمەد، لەبارەی کێشەکەوە بە رادیۆی دەنگی وت: ئەم بینایە ئێمە بەشێکمان تێدا هەیە، بەڵگەنامەمان هەیە، ئەوە ۱۰ ساڵە ئەم بینایە تەواوبوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەمو دوکانەکانی نەدراوە بەکرێ.
وتیشی: "دوکانەکان دابەش کراوە، ئێمە حەقی خۆمان هەیە، ئەوان (ماڵی حاجی فایەق) حەقی خۆیان هەیە و شێخ حەسەنیش حەقی خۆی هەیە، ئێمە دوکانی خۆمان هەیە، خێرە ئەو هەڵدەکوتێتە سەریان و کەڵەگایی دەکات بەسەریانەوە؟"
بەوتەی خۆیشی، کێشەکەیان لە دادگایە و چاوەڕێی چارەسەرکردنین.
هاوکات شێخ حەسەن تاڵەبانی، یەکێکی دیکە لە هاوبەشەکانی تەلارەکە، بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: ٣٥٪ـی بینایەکە موڵکی منە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کرێیەکم وەرنەگرتوە لە هیچ دوکاندارێک و چاوەڕێی بڕیاری دادگام بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی بیناکە.
وتیشی: بەپێی ئەو پارەیە داومە، دەبوایە بەشی من لە بیناکە ١٠٠٪ بوایە، بەڵام ئەوەشیان لێسەندمەوە، بۆیە لەسەر ئەم بابەتە سکاڵام تۆمار کردوە لەسەر سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و چاوەڕێی بڕیاری دادگام.