وەزارەتی ناوخۆ ١٦٥ كارمه‌ندى پۆلیسی گەرمیان دەگوازێتەوە هه‌ولێر

2024/08/29 - 12:41 | 770 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
١٦٥ كارمه‌ندى پۆلیسى گه‌رمیان له‌ بەشی ‌خانه‌قین به‌ فه‌رمى گواستراونه‌ته‌وه‌ سه‌ر پۆلیسى هه‌ولێر، به‌ڕێوبه‌رى پۆلیسى گه‌رمیانیش ده‌ڵێت: به‌بێ ئاگادارى ئێمه‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆ فه‌رمانى بۆ ده‌ركردون و بڕیارەکە جێبەجێ ناکەین.
 
بەپێی ئەو نوسراوەی کە وێنەی دەست رادیۆی دەنگ کەوتوە، بەڕێوبەری گشتی پۆلیسی هەرێم، بە نوسراوێک لە رێکەوتی ٢٦ـی ئەم مانگە، بڕیاریداوە بە گواستنەوەی ١٦٥ کارمەندی پۆلیسی گەرمیان لە بەشی پۆلیسی خانەقین، بۆسەر بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هەولێر/ بەشی پۆلیسی پاسەوانی.
 
لایخۆشییەوە به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسى گه‌رمیان، نیگەرانی خۆی لە فەرمانەکە دەربڕی.
 
عەمید: لوقمان سابر شوكر، بۆ رادیۆى ده‌نگ وتى: ئەوەی هەیە فه‌رمانێكه‌ و له‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆوه‌ ده‌رچوه‌، لە بنەڕەتدا ده‌بێت کاتێک وەزارەت فەرمانی وا دەربکات کە نوسراوێكى فه‌رمى له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ به‌رزكرابێته‌وه‌ یان پێشنیارێکی وامان كردبێت، کەچی شتی وانەبوە.
 
وتیشى: هه‌ر ١٦٥ پۆلیسه‌كه‌ میلاكى ئێمه‌ن و ئه‌ركیان هه‌یه‌ له‌ بنكه‌ى پۆلیسى فریاكه‌وتنى خانه‌قین و هه‌ر هه‌موشیان فه‌رمانى گواستنه‌وه‌یان بۆ ده‌رچوه‌ بۆ پۆلیسى هه‌ولێر به‌شى پاسه‌وانی.
 
لەبارەی هۆکاری فەرمانەکەوە، بەڕێوبەری پۆلیسی گەرمیان وتی: هۆكاره‌كەی رون نیه‌ و ناشزانین چیه‌.
 
لە فەرمانەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە لە رۆژی دەرچونیەوە دەبێت جێبەجێ بکرێت، بەڵام بەوتەی بەڕێوبەری پۆلیسی گەرمیان، ناتوانن جێبەجێی بکەن.
 
وتی: ‌ناتوانین له‌ ئێستادا ئه‌و فه‌رمانه ‌جێبه‌جێ بكه‌ین هەتاوه‌كو راوێژ به‌سه‌روى خۆمان نه‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى چاره‌سه‌رێكى گونجاوى بۆ بدۆزینه‌وه‌، بۆیه‌ له‌ ئێستادا فه‌رمانه‌كه‌ وه‌ك خۆى ئه‌مێنێته‌وه‌.
 
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: هه‌ر ١٦٥ پۆلیسه‌كه‌ ئیمزایان كۆكردوه‌ته‌وه‌ دژى ئه‌و گواستنه‌وه‌یه‌، ئێمه‌ش به‌رزى ئه‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ سه‌روى خۆمان، بزانین ئه‌نجامى چى ده‌بێت.
 
ده‌شڵێت: فەرمانەکە گه‌وره‌ترین کێشەی ‌بۆ دروست كردوین، چونكه‌ نازانین میلاكیان بەچی پڕبكه‌ینه‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى له‌ روى ئه‌منیه‌وه‌ بۆ خانه‌قین بونی ئەو پۆلیسانە پاڵپشتییەکی زۆر باش بو و ئه‌ركیشیان هه‌یه‌ لەو شارەدا.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,091,739     ژمارەی میوان 1218