بەڕێوبەرێکی گشتی گۆڕان لە گەرمیان دەبێتە یەکێتی

2024/08/27 - 08:32 | 502 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
مەکۆی کفری بزوتنەوەی گۆڕان ئاشکرای دەکات، دەرون عومەر کە لەسەر لیستی ئەوان پێشتر بەڕێوبەری گشتی چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی گەرمیان بوە، بوە بە یەکێتی، بەوهۆیەشەوە لە ریزەکانیان دوریانخستوەتەوە.
 
بەپێی نوسراوێکی مەکۆی کفری بزوتنەوەی گۆڕان کە ئاراستەی ژوری حکومەتی گۆڕانی کردوە و وێنەی دەست رادیۆی دەنگ کەوتوە، ئاماژە بەوەدەکات دەرون عومەر خەلیفە کە پێشتر لەسەر لیستی ئەوان بەڕێوبەری گشتی چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی گەرمیان بوە، رۆژی ١ـی ٦ـی ٢٠٢٤ سەردانی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی نیشتمانی کردوە و پەیوەندی بە ریزەکانی ئەو حزبەوە کردوە.
 
ئاماژەی بەوەشداوە کە بەوهۆکارە هیچ پەیوەندییەکی حزبی و ئۆرگانی بە گۆڕانەوە نەماوە و وەک نوسیویانە: "دەرمان کردوە".
 
رادیۆی دەنگ لەمبارەیەوە پەیوەندی بە دەرون عومەرەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبو.
 
دەرون عومەر، پێشتر بۆ ماوەی ۷ ساڵ بەڕێوبەری گشتی چاودێری گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی گەرمیان بو لە پشکی بزوتنەوەی گۆڕان.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,091,975     ژمارەی میوان 1454