دەنگ نێت
گواستنەوەی راژەی ژمارەیەک لە پزیشکانی پسپۆڕ بۆسەر زانکۆی گەرمیان، گرفتی بۆ نەخۆشخانە حکومییەکانی سنورەکە دروستکردوە.
لەماوەکانی رابردودا،
هاوڵاتییەک سکاڵای لەسەر پزیشکێک و بەڕێوبەری تەندروستی گەرمیان تۆمارکرد بەوهۆیەی نەهاتون بەدەم مناڵەکەیەوە لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کەلار کە توشی روداو بوبو.
هەر ئەوکات بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان، هۆکاری ئەو حاڵەتەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی پزیشکەکە کە میلاکی لەسەر زانکۆی گەرمیانە، نەهاتوە بە دەم مناڵەکەوە لەکاتێکدا ئەو رۆژە ئێشکگر "خەفەر" بوە .
بەپێی بەدواداچونەکانی رادیۆی دەنگ، ئەم حاڵەتە چەند جارێک لە نەخۆشخانەکاندا دوبارە بوەتەوە، بەشێوەیەک هەندێک لەو پزیشکانە بەو هۆیەی وەکو میلاکی نەخۆشخانەکان و تەندروستی گەرمیان نەماون و چونەتە سەر زانکۆی گەرمیان، هەربۆیە زۆر پابەندی ئەو دەوام و ئەرکە نابن کە لە نەخۆشخانەکاندا بۆیان دیارییکراوە.
لەمانگی تشرینی دوەمی ساڵی پار، وەزارەتی تەندروستی رەزامەندی دا بە گواستنەوەی راژەی (١٤) پزیشکی پسپۆڕی سنوری بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان بۆ سەر زانکۆی گەرمیان، بۆئەوەی لە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆکەدا وەکو مامۆستا وانەبڵێنەوە، بەڵام ئەوەش بە مەرج گیرابو کە دەوامیش لەناوەندە تەندروستییەکاندا بکەن و ئێشکگریی لە نەخۆشخانەکاندا بکەن.
لەسەرەتادا تەندروستی گەرمیان بڕیارەکەی رەدکردەوە و لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد ئامادە نییە رێگەبدات بە گواستنەوەی راژەی ئەو پزیشکانە، بەڵام دواتر بە فشاری وەزارەتی تەندروستی، گواستنەوەکە ئەنجام درا.
گواستنەوەکەش بۆ ئەوەبو کۆلێژی پزیشکیی گەرمیان لە داخستن رزگاربکرێت بەهۆی نەبونی مامۆستای پسپۆڕەوە، دوای ئەو گواستنەوەیەش کۆلێژەکە دەستی بە دەوام کردەوە کە هەتا ئەوکاتە مانیان لە دەوام گرتبو بەهۆی بونی کۆمەڵێک کێشە کە دیارترینیان نەبونی مامۆستا بو.
بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان- د. سیروان محەمەد، جەخت لەوەدەکاتەوە رۆیشتنی ئەو پزیشکانە زیانی بە هاوڵاتیان و نەخۆشخانەکان گەیاندوە. لەوبارەوە بۆ رادیۆی دەنگ باس لەوەکرد: ههندێك لهو پزیشكانه كه گوازراونهتهوه سهر زانكۆ، دهوامى پێویست له نهخۆشخانهكاندا ناکەن، سهرباری ئهوهى بهپێی یاسا و فهرمانهكان دهبێت بیكهن.