ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
سەنتەری میترۆ بۆ دادگای گەرمیان: رێگری لە دەستێوەردان بکەن

2024/03/28 - 03:06 | 288 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە رۆژنامەنوسان پێشوازی لە بڕیاری دادگای بەرایی كەلار دەكات کە بۆ بەرژەوەندی رۆژنامەنووس (دڵشاد ئەنوەر) داویەتی و هەمو فشار و دەستێوەردانێكیش لە دۆسیەکەدا بۆ كاتی تێهەڵچونەوە (ئیستئناف) رەتدەكاتەوە.
 
لە راگەیەنراوێکدا، سەنتەری میترۆ، ئەمڕۆ پێنجشەمە بڵاویکردوەتەوە، دەڵێت: "پاش دەرچوونی بڕیاری دادگای بەرایی كەلار بە رەتكردنەوەی ئەو داوا یاساییەی لەسەر رۆژنامەنوس (دڵشاد ئەنوەر) دەرچوە، جۆرێك لە فشار هەیە بۆ كاتی تێهەڵچونەوەی (ئیستئناف) كەیسەكە" و بەوتەی خۆیشی ئاگاداری وردەكاری ئەو فشارانەیە.
 
لە ژمارە 7ـی ئازاری 2013، گۆڤاری رایەڵ کە رۆژنامەنوسی شەهید: کاوە گەرمیانی سەرنوسەری بو، راپۆرتێک بڵاوبویەوە بەناونیشانی: "عەدنانی حەمەی مینا دەیەوێت بینایەكی گەورە لەسەر ئەو موڵكە دروستبكات كە داگیری كردوە" کە رۆژنامەنوس دڵشاد ئەنوەر ئامادەی کردبو. لەسەر راپۆرتەکەش عەدنانی حەمەی مینا کە ئەوکات ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بو، سکاڵای لە دژی رۆژنامەنوسەکە تۆمارکرد، دواتر دادگای کەتنی کەلار سزای رۆژنامەنوسەکەی دا. پاش ئەم سزادانە، سکاڵاکار هەستا بە تۆمارکردنی سکاڵای مەدەنی و داوای قەرەبوی ٢٥٠ ملیۆن دیناری لە دڵشاد ئەنوەر کرد، بۆ ئەم مەبەستەش کەیسەکە چوە دادگای بەرایی.
 
لە دادگای بەرایی، دادگاکە بە سەرۆكایەتی دادوەر (گۆران محەمە عەلی) سکاڵاکارەکەی رەدکردەوە و پێیوابو سکاڵاکار قەرەبو کردنەوەی ناکەوێت، چونکە لە دادگاییەکەدا ٢ کەس کە لە راپۆرتەکەدا ناویان هاتبو بەوەی دەستبەسەر موڵکیاندا گیراوە، زانیاریی ناو راپۆرتەکەیان پشتڕاستکردبوەوە.
 
دوای ئەم بڕیارەی دادگای بەرایی، سکاڵاکار کە عەدنانی حەمەی مینایە، لە رێگەی پارێزەرەکەیەوە هەستاوە بە تۆمارکردنی سکاڵا لە دادگای تێهەڵچونەوەی گەرمیان و سور بوە لەسەر ئەوەی قەرەبو بکرێتەوە، دۆسیەکەش هێشتا لە دادگای تێهەڵچونەوەیە.
 
سەنتەری میترۆ لە راگەیەنراوەکەیدا، پێشوازی لە بڕیاری دادگای بەرایی كەلار دەكات بۆ بەرژەوەندی رۆژنامەنوس (دڵشاد ئەنوەر) و دەشڵێت: ئاگاداری فشار و  دەستێوەردانەكانە بۆ كاتی تێهەڵچونەوە (ئیستئناف) و هەموشیان رەتدەکاتەوە.
 
سەنتەرەکە هەروەها دەسەڵاتی دادوەری و دادگای كەركوك/ گەرمیان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی و داوادەكات "رێگری لەو دەستێوەردانە لە دۆسییەیەكە بكات كە دادگا پێشتر بڕیارێكی دروستی داوە و بێلایەنانە دۆسیەكەی یەكلایكردوەتەوە".



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,722,906     ژمارەی میوان 944