شاره‌وانى كه‌لار له‌باره‌ى قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ى ماڵه‌كانى 'لیوا ره‌شه‌كه‌' رونكردنه‌وه‌ ده‌دات

2024/02/11 - 12:15 | 327 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار له‌باره‌ى قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ى ماڵه‌كانى 'لیوا ره‌شه‌كه‌‌'وه‌ ده‌ڵێت: هه‌مو رێكاره‌كانى قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌كانیان ته‌واو بوه‌، ئه‌وه‌ى ماوه‌ته‌وه‌ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ى ئه‌و جوتیارانه‌یه‌ كه‌ زه‌وییه‌كانیان دانراوە بکرێت بە زەوی نیشتەجێبون و بدرێت بەو ماڵانە.
 
لە دو رۆژی رابردودا، هاوڵاتییەکی دانیشتوی گەڕەکی 'لیوا رەشەکە' دو گرتە ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە تیایدا دەردەکەوێت بەشێکی سەقفی خانوەکەی لێدەبێتەوە و دەڕوخێت، ئەمەش لەکاتێکدا ئەو ماڵانە پێشتر یەکی بە پارچە زەوییەک قەرەبوکرابونەوە لەبەرامبەر چۆڵکردنی خانوەکانیان، بەڵام قەرەبوەکە هەر بە "هەوایی" بو و هێشتا زەوییان پێنەدراوە، ئەویش بەهۆی نەبونی زەوییەوە لە قەزاکە، کە بڕیارە لەو زەویە کشتوکاڵییانەی کە دانراوە بکرێن بە نیشتەجێبون، پارچە زەویی بەو ماڵانە پێبدرێت. بەڵام کێشە ئەوەیە هێشتا رێکارەکانی ئەو زەویە کشتوکاڵییانە تەواو نەبون و هێشتا نەخراونەتە سەر شارەوانی.
 
ئه‌كره‌م ساڵح، سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار، لەبارەی دواین رێکارەکانی ئەو پرۆسەیە، بۆ رادیۆى ده‌نگ باسى له‌وه‌كرد: قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ى ماڵه‌كانى لیوا ره‌شه‌كه‌ كه‌ خۆى له‌ 146 بۆ 150 ماڵ ده‌بینێته‌وه‌، هه‌موى ته‌واو بوه‌، له‌ ئێستاشدا له‌لاى لیژنه‌ى 222ـی قه‌ره‌بوه‌.
 
وتیشى: ئه‌وه‌ى ماوه‌ته‌وه‌ ته‌نها قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ى جوتیاره‌كانە كه‌ نزیکە‌ى 38 جوتیار زه‌وییه‌كانیان به‌ر ئه‌و فراوانکردنە‌ كه‌وتوه‌، كه‌ ئەو جوتیارانە قه‌ره‌بو كرانه‌وه‌، راسته‌وخۆ زه‌وییه‌كان دەدرێت بە خاوەن ماڵەکانی لیوا رەشەکە.
 
هێماى بۆئه‌وه‌شكرد: به‌ڕێوبه‌رایه‌تى كشتوكاڵى گه‌رمیانیش رێكارى خۆى گرتوه‌ته‌به‌ر، ئه‌وه‌ى زانیاریمان هه‌بێت ته‌نها دیارییکردنى زه‌وییه‌كان ماوه‌ بۆ قه‌ره‌بوى جوتیاران.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,091,812     ژمارەی میوان 1291