چالاکوانانی کەمپینی پاراستنی روباری سیروان بایکۆتی کۆبونەوەیەکی حکومەت دەکەن

2024/02/08 - 09:18 | 306 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
چالاکوانانی کەمپینی پاراستنی روباری سیروان، بایکۆتی کۆبونەوەیەک دەکەن کە بڕیاربو ئەمڕۆ سەبارەت بە دوبارە کارکردنەوەی کارگەکانی چەو و لم لە ئیدارەی گەرمیان بەڕێوەبچێت، دەشڵێن: حکومەت بڕیاری خۆی داوە.
 
لەراگەیەنراوێکدا کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بڵاویانکردوەتەوە، چالاکوانانی کەمپینی پاراستنی روباری سیروان دەڵێن: هەوڵێک لە ئارادا هەیە بۆ ئەوەی کارگەکانی چەو و لم لەسەر روباری سیروان، دەستبکەنەوە بەکارکردن و جارێکی تر حەوزی روباری سیروان تێکبدرێت.
 
دەشڵێن: ئێمە کە ژمارەیەک چالاکوانی بواری ژینگەین، بانگهێشتکرابوین بۆ کۆبونەوەیەک کە بڕیارە (ئەمڕۆ ٨ـی شوبات) لە ئیدارەی گەرمیان بەڕێوەبچێت، بەڵام پاش ئەوەی بەڵگە و زانیاریمان پێگەیشتوە کە بڕیاری پێشوەختە هەیە بۆ مۆڵەت و رەواییدان بە کارگەکان تا دەستبکەنەوە بەکارکردن لەسەر روبارەکە و تەنانەت کۆنوسەکەش لە بەرواری٢٠/ ١٢/ ٢٠٢٣ بە ژمارە (٤٠) نوسراوە و واژۆش کراوە، بۆیە بانگکردنی ئێمە دەبوایە لەکاتی نوسینی کۆنوسەکە و پێش واژۆکردن و بڕیاڕدان بوایە، نەک تەنها بۆ چەواشەکردنی رای گشتی و خستنەئەستۆی ئەم بڕیاڕە ناتەندروستە.
 
ئاماژەیان بەوەشداوە لەم سۆنگەیەوە بەشداری کۆبونەوەکە ناکەن و وەکخۆیان دەیڵێن: "نامانەوێت ئەم بەرپرسیارێتیە لە ئەستۆبگرین".
 
کەمپینەکە ئەوەشیخستوەتەڕو کە لە ماوەی دو ساڵی رابردودا و لە ئەنجامی بڕیاری داخستنی غەسالەکانی چەو و لم، ژینگەی روبارەکە گەشاوەتەوە، "بۆیە ئێستا هەر بڕیاڕێک بدرێت بۆ هەڵوەشانەوە یان هەموارکردنی بڕیاری پێشو، زیان بەم سامانە سروشتیە دەگەیەنێت". 
 
جەختیشدەکەنەوە کە ئەگەر ئەم بڕیارەش بدرێت، ئەوان رێکاری یاسایی دەگرنەبەر لەڕێگەی دادگاوە، بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,115,988     ژمارەی میوان 1427