دەنگ نێت
بەڕێوبەری پەروەردەی گەرمیان ئاشکرای دەکات لە زۆربەی قوتابخانەکانی سنورەکە خوێندن دەستی پێکردوەتەوە و لەئێستاشدا قوتابیان دەوام دەکەن.
دەستپێکردنەوەی دەوام لەو قوتابخانانە لەکاتێکدایە ماوەی دو مانگە مامۆستایان بەردەوامن لەبایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن بەکاریگەری خەرجنەکردنی موچەکانیان و دانەمەزراندنیان.
دارا ئەحمەد، بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان، بەرادیۆی دەنگی وت: زۆرێک لەقوتابخانەکانی گەرمیان دەوامی تێدا دەکرێت و کتێبیش دابەشدەکرێت.
وتیشی: تەنها پۆلی دوازدە و پۆلی نۆی بنەڕەتی نیە، بەڵکو لەهەمو پۆلەکانی تر دەوامدەکرێت، بەڵام بەرێژەیەکی زۆر پۆلەکانی دوازدە و نۆ دەوامدەکەن.
دەشڵێت: ئەو دەنگۆیانە هیچ بنەمایەکیان نیە کەدەڵێن دەوام دەفەوتێت و رێکخراوی (یونسێف و یونسکۆ) کاتی بۆ دیاریکردوە، ئەم شتانە بونی نیەو ئەم دۆخە خەمی ئێمە و مامۆستایانە نەوەک خەمی کەسی تر.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە مامۆستایانی ناڕازیی گەرمیان جەخت لە بەردەوامیی بایکۆت دەکەنەوە و بڕیارە سبەینێش خۆپیشاندان بۆ جەختکردنەوە لە بایکۆت ئەنجام بدەنەوە.