دەنگ نێت
ئەو هاوڵاتییانەی دوادەکەون لە تۆمارکردنی ناوی مناڵی تازەلەدایکبویان، ناچارکراون بەوەی مامەڵەیەک بکەن و مامەڵەکەش دەبێت پولی هەزار دیناری لێ بدرێت، بەڵام ئەو پولە لە گەرمیان دەستناکەوێت و ئەمەش کێشەیەکی زۆری دروستکردوە.
هاوڵاتییەک کە مامەڵەی تۆمارکردنی مناڵە تازەلەدایکبوەکەی کردوە، بە رادیۆی دەنگی وت: حکومەت بڕیاری داوە لەکاتی دواکەوتنی تۆمارکردنی مناڵی تازەلەدایکبو بۆماوەی ٢ هەفتە بەمەبەستی دەرهێنانی ناسنامە، دەبێت مامەڵەیەک بکەیت، بۆ مامەڵەکەش پێویستت بە پولی هەزار دیناریی دەبێت، بەڵام ئەم پولە لە گەرمیان دەستناکەوێت و بەوهۆیەوە مامەڵەکەم پەکی کەوتوە.
لایخۆشیەوە، شنۆ کەریم، لێپرسراوی نوسینگەی لەدایکبون و مردن لە تەندروستی گەرمیان، جەختی لەبونی کێشەکە کردەوەو بەرادیۆی دەنگی وت: پێشتر هاوڵاتی ئەگەر مناڵە تازەلەدایکبوەکەی درەنگ تۆماربکردایە، دەنێردرا بۆ دادگا، ئێستا بەپێی رێنماییەکی نوێی وەزارەتی تەندروستی، لەکاتی دواکەوتنی تۆمارکردنی مناڵی تازەلەدایکبو، پولێکی هەزار دیناری وەکو غەرامە لێوەردەگیرێت.
جەختیکردەوە لەئێستادا کێشەی نەبونی ئەو جۆرە پولە هەیە.
لایخۆشییەوە جێگری بەڕێوبەری نەخۆشخانەی شەهید شێرەی نەقیب بۆ ژنان و مناڵبون لە کەلار، بە رادیۆی دەنگی وت: ئەم بابەتە بوەتە کێشەیەکی گەورە و نوسراویش بۆ پۆستەوگەیاندن کراوە، بەڵام وتویانە ئەو پولەمان لادەستناکەوێت.
وتیشی: ئێستا لە رێگەی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیانەوە نوسراومان بۆ وەزارەت کردوە بۆ ئەوەی ئەوان بڕیار لە چارەسەرێک بدەن و چیتر مامەڵەی هاوڵاتیان پەکی نەکەوێت.