ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
هاتوچۆی گەرمیان رونکردنەوە ده‌دات: گرێبه‌ستى ئه‌لیكترۆنیی ته‌نها بۆ دومانگه‌ و دواتر غه‌رامه‌ ده‌كرێ

2023/11/23 - 11:09 | 258 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
ئەو گرێبەستە ئەلیکترۆنیەی حکومەت دایناوە بۆ بەناوکردنی ئۆتۆمبێل، دوای دو مانگ ئەگەر ئۆتۆمبیلەکە نەکرێت بەناوی کڕیاری تازەوە، بۆ هەر رۆژێک بڕی 10 هەزار پێبژاردن بۆ کڕیارەکە دەکرێت، هەندێک هاوڵاتی گلەیی ئەوەدەکەن ئاگاداری ئەو پێبژاردنە نەبون و پارەیەکی زۆریان بۆ هاتۆتەوە، وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیانیش دەڵێت: یاسا بەرپرسیارنیە و دەبێت پێشوتر لەبارەی گرێبەستەکەوە ئاگاداربن.
 
ئەم گرێبەستە ئەلیکترۆنیە حکومەت وەکو پێویستیەک دایناوە، ماوەی دومانگی بۆ دانراوە تاکو ئۆتۆمبیلەکە دەکرێت بەناوی کڕیارەوە، لە دوای ئەوماوەیە کڕیار بۆ هەر رۆژێک بڕی 10 هەزار دینار پێبژاردنی بۆ دەکرێت و بەجۆرێک ئەو پێبژاردنە رۆژانی پشوش دەگرێتەوە.  
 
سامان ئەحمەد، وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان، بەرادیۆی دەنگی وت:  پێشوتر گرێبەستێک هەبو ماوەی مانگێکی بۆ دانرابو و هاوڵاتیان گلەیی کەمی کاتەکەیان دەکرد، بۆیە حکومەت ئەم گرێبەستە ئەلێکترۆنیەی دانا و ماوەی دو مانگی بۆ بەناوکردن داناو لەپێشانگاکانی ئۆتۆمبێل ئەم گرێبەستە بۆ هەردولایەن دەکرێت و دواتر کۆپیەکی دەدرێت بە هاتوچۆ، لەدوای دو مانگەکە ئەگەر ئۆتۆمبێلەکە بەناونەکرێت بۆ هەر رۆژێک 10 هەزار دینار پێبژاردنی بۆ دەکرێت.
 
لەبارەی ئەوەی ئایا چارەسەر چیە بۆ ئەو کەسانەی پارەیەکی زۆریان بۆ هاتۆتەوەو ئاگاداری ئەم خاڵەی گرێبەستەکە نەبون؟ سامان ئەحمەد وتی: یاسا بەرپرسیار نیە لەو کەسانەی ئاگادارنین و ئەوکاتەی گرێبەستەکەی بۆ دەکرێت دەبێت لەبارەی گرێبەستەکەوە بزانێت و ئاگاداربێت، هیچ چارەسەرێکیش نیە و دەبێت پارەکە ببژێرێت.
 



Dengnet.net - 2025
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,944,862     ژمارەی میوان 16