دەنگ نێت
ماوەی پێنج رۆژە حکومەت رێگەنادات کۆمپانیای ئۆرانۆس هیچ بڕێک لە پارەی ئاو لە خەڵکی وەربگرن، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی ئاوی دەوروبەری گەرمیانیش دەڵێت: کۆمپانیاکە ئامادەنیە ئەو بڕە پارەیەی لایەتی رادەستی حکومەتی بکات.
سالار عەزیز، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی ئاوی دەوروبەری گەرمیان، بەرادیۆی دەنگی وت: لەلایەن بەڕێوبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمەوە، بەسیستەمکردنی کۆمپانیای ئۆرانۆس کەکاری کۆکردنەوەی داهاتی ئاو دەکات، داخرا؛ ئەوەش بەهۆی ئەوەی پابەندی رێنماییەکان نەبون و ئەو بڕەپارەیەی کە دەبێت رۆژانە کۆببێتەوە و بیگەڕێننەوە بۆ حکومەت، رادەستیان نەکردوە.
وتیشی: کۆمپانیای ئۆرانۆس ئامادەنەبوە ئەو بڕە پارە زۆرەی لایانە رادەستی حکومەتی بکەن، بۆیە لەئێستادا لەلایەن بەڕێوبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمەوە کارەکانی لە سنوری گەرمیان و سلێمانی راگیراوە.
دەشڵێت: تاوەکو پارەکە رادەست نەکات و بەڕێوبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم رەزامەندی لەسەر نەبێت، ئەو سیستەمە ناکرێتەوە.