دەنگ نێت
رێکخراوی پاڵپشتی کفری ناوی 105 هاوڵاتیان تۆمارکردوە بۆ ئەوەی هاوکاریی دارایی "چاودێری کۆمەڵایەتی" لە عێراق بکرێن، ئەمەش بوەتە جێگای نیگەرانی هەندێک هاوڵاتی و دەڵێن ئەو ناوانەی نوسراون کەسوکاری ئەندامەکانن، ئەندامێکیش رونکردنەوە دەدات و دەڵێت: کارێکی خراپمان نەکردوە.
لەچەند رۆژی رابرودا لیستی ناوی ئەو 105 کەسە بڵاوبویەوە کە لە رێگەی رێکخراوی پاڵپشتی کفری تۆمارکرابون بۆ وەرگرتنی هاوکاری دارایی چاودێریی کۆمەڵایەتی لەسەر حکومەتی عێراق، رەخنەیەکی زۆریش ئاراستەی رێکخراوەکە کرا بەوەی شەفاف نەبوە لەکارەکەی و زۆربەی کەسەکانیش ناسیاو و خزمی ئەندامانی رێکخراوەکەن و هەندێک لەوانەش بە نەشایستە ناوبران.
قادر ئیسماعیل، ئەندامی رێکخراوی پاڵپشتی کفری، لەبارەی ئەو پرسەوە، بەرادیۆی دەنگی وت: ئەو ناوانە هی سەرەتای ئەمساڵە، ئەوکاتە پەرلەمانی عێراق داوای 300 ناویان کرد بۆ چاودێری کۆمەڵایەتی "رعایە اجتماعی"، بەڵام بەهۆی کۆمەڵێک خەڵک کە هاتنە ناو بابەتەکەوە ئەو ناوانە قبوڵنەکران، بەڵام دوەمجار نەمانتوانی بانگەشەی بۆ بکەین، چونکە لەوەترساین دوبارە ناوەکان قبوڵنەکرێت ئەوەش بۆ ئێمە جوان نەدەبو.
لەبارەی نوسینی ناوی خزم و ناسیاویان، ئەو ئە دامەی رێکخراوی پاڵپشتی کفری وتی: کفری شوێنێکی بچوکە، ئەگەر خزم و ناسیاوی شایستە و موستەحەقی تیابێ بۆنا؟ شتێکی ئاساییە.
پێیشیوایە بەگشتی کارێکی خراپیان نەکردوە و بۆ بەرژەوەندی دانیشتوانی قەزاکە بوە.
باسی لەوەشکرد؛ ئەو 105 خێزانە تەنها رەزامەندیان لەسەر دراوە، رێکاری تریش ماوە بۆئەوەی بزانرێت کە شایەنی ئەوەن ببنە خاوەنی موچەی چاودێری کۆمەڵایەتی یاخود نا، وتیشی: "هێشتا پرۆسەکە لەسەرەتادایە و پێداچونەوە و لێکۆڵینەوەی ماوە لەلایەن لیژنەکانی حکومەتی عێراقییەوە".
ئەو بڕە پارەیەی کە بڕیارە بەو کەسانە بدرێت، 200 هەزار دیناری مانگانەیە تا ئەوکاتەش پێیان دەدرێت کە چیتر پێویستیان نەبێت، بەڵام بە وتەی قادر ئیسماعیل، جارێک کات دیارینەکراوە بۆ سەرفکردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ ئەو ناوانەی پێشکەشیان کردوە.