ده‌نگ نێت
ماڵپه‌ڕى دیپلۆماتیك ده‌ڵێت دواى ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر دۆسیه‌ى گۆڕینی ره‌گه‌زی 221 دۆنم زه‌وی له‌لایه‌ن تاهیر حه‌مه‌ساڵح- خاوه‌نى كۆمپانیای سه‌گرمه و دابان شه‌ده‌ڵه- جێگرى سه‌رۆكى فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندیه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم دراین به دادگا، دادگاییه‌كه له قازانجى ئێمه كۆتاییهات، تاهیر حه‌مه‌ساڵحیش ده‌ڵێت: ئه‌و زه‌ویانه‌ى باس ده‌كرێت هی خۆیه‌تى و حكومه‌ت پێی نه‌داوه، ره‌دیشی ده‌كاته‌وه سكاڵای له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕه‌كه تۆماركردبێت.
به‌شدار بازیانى، رۆژنامه‌نوس له ماڵپه‌ڕى دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین، به رادیۆی ده‌نگى وت: ساڵی 2021 به‌رنامه‌یه‌كمان به‌ناوى "سندوقی ره‌ش" ئه‌نجامدا، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا له‌كه‌لار ئاشكرامان كرد كه زه‌ویه‌كى زۆر گه‌وره كه روبه‌ره‌كه‌ى 221 دۆنم زه‌ویه له ته‌نیشت ناوچه‌ى پیشه‌سازی داگیركراوه و ره‌گه‌زه‌كه‌ى گۆڕاوه له‌لایه‌ن دوكه‌سه‌وه: تاهیر حه‌مه‌ساڵح- خاوه‌نى كۆمپانیای سه‌گرمه و دابان شه‌ده‌ڵه- ئه‌ندامى پێشوى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى و جێگرى سه‌رۆكى فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم.
وتیشی: ئاماژه‌مان به‌وه‌دابو كه ئه‌و دو كه‌سه به‌بێ پرسی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان ره‌گه‌زی ئه‌و زه‌ویه‌یان گۆڕیوه بۆ ئه‌وه‌ى بیكه‌ن به پرۆژه‌ى نیشته‌جێبون كه قازانجى زیاتر ده‌كات.
باسی له‌وه‌شكرد: له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌و به‌رنامه‌یه، ئه‌وكات سكاڵایان له‌سه‌ر تۆماركراوه به تۆمه‌تى ناوزڕاندن "تشهیر"، به‌ڵام وه‌كخۆی وتى: "هیچ ته‌شهیرێكمان نه‌كردوه و به به‌ڵگه‌ی فه‌رمى حكومه‌ت ئه‌وه‌مانخسته‌ڕو ئه‌م زه‌ویانه ره‌گه‌زیان گۆڕاوه و ده‌ستكاری ماسته‌رپلانى كه‌لار كراوه".
بازیانى، هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد له‌سه‌ر سكاڵاى ئه‌و دو كه‌سه، خودی خۆی ده‌ستگیر كراوه و دو شه‌و له به‌ندینخانه راگیراوه، دواتر له دانیشتنه‌كانى دادگادا دادوه‌ر داواى به‌ڵگه‌ى لێكردون "ئێمه‌ش 43 به‌ڵگه‌مان برد كه یه‌كێكیان ده‌ستنوسی تایبه‌تى دابانى شه‌ده‌ڵه بو كه ئه‌یسه‌لمێنێت ئه‌وان له‌و زه‌ویانه هاوپشك و به‌شدارن و ده‌ستكارى ره‌گه‌زی ئه‌و زه‌ویانه‌یان كردوه".
به‌وته‌ى خۆیشی "دواجار دادگا له‌سه‌ر هه‌ردو كه‌یسى سكاڵاكه گه‌یشته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ى به‌ڵێ ئێمه له‌سه‌ر هه‌قین".
له‌به‌رامبه‌ردا خاوه‌نى كۆمپانیای سه‌گرمه، باس له‌وه‌ده‌كات زه‌ویه‌كانى كڕیوه و حكومه‌ت پێینه‌داوه، ره‌دیشده‌كاته‌وه له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته سكاڵاى له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕه‌كه تۆماركردبێت.
تاهیر حه‌مه‌ساڵح، به رادیۆی ده‌نگى وت: سه‌رله‌به‌رى ئه‌و هه‌واڵه وانیه، ئه‌و زه‌ویانه به تاپۆ هی خۆمه، نه له حكومه‌تم وه‌رگرتوه و نه ره‌بتی به حكومه‌ته‌وه هه‌یه و 20 ساڵ پێش ئێستا له بنه‌ماڵه‌ى به‌گزاده‌كانم كڕیوه.
له‌باره‌ى تۆماركردنى سكاڵاشه‌وه وتى: "هیچ ئاگام له سكاڵا نیه و ئێستا له جه‌نابتی ئه‌بیستم، ئه‌و هه‌واڵه‌ش پێشتر هیچ به‌لامه‌وه گرنگ نه‌بو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى خه‌ڵكى گه‌رمیان و حكومه‌ت ده‌زانن ئه‌و زه‌ویانه موڵكى خۆمه و دور و نزیك هیچ ره‌بتێكیشی به كاك دابانه‌وه نییه".
وتیشی: ئه‌بێت كاك دابان سكاڵاى كردبێت، من ئاگادارى سكاڵا نیم، سه‌نه‌دی ئه‌و زه‌ویانه به‌ناوی خۆمه‌وه‌یه نه‌ك له حكومه‌ت وه‌رمگرتبێت هه‌تا حكومه‌ت یان كاك دابان ئاسانكارییان بۆم كردبێت.
رادیۆی ده‌نگ بۆ وه‌رگرتنى قسه‌ى ئه‌و له‌وباره‌یه‌وه، چه‌ند جارێك په‌یوه‌ندی به دابان شه‌ده‌ڵه‌وه كرد، به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كانى بێوه‌ڵام بون.