ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
سەرۆکی زانکۆی گەرمیان: دەستی خۆم ببڕم کۆلێژی پزیشکیی داناخەم

2023/10/23 - 03:31 | 946 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
سەرۆکی زانکۆی گەرمیان لە وەڵامی داواکاریی خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆکە بۆ داخستنی کۆلێژەکەیان دەڵێت: دەستی خۆم ببڕم کۆلێژەکە داناخەم، هاوکات هەڕەشەی بە دادگاگەیاندنی ئەو خوێندکارانەش دەکات کە قوفڵیان لە دەرگای زانکۆ داوە.
 
ئەمڕۆ خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان جارێکی تر گردبونەوەیان ئەنجامدا و رێگای سەرەکی زانکۆکەیان داخست و رێگەی چونەژورەوەیان بۆ ماوەیەک گرت. لەو سەروبەندەدا سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، د. فەرهاد قادر، گەیشتە لای خوێندکارەکان و گفتوگۆ لەنێوانیان دروستبو.
 
بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی گفتوگۆکە کە دەست رادیۆی دەنگ کەوتوە، سەرۆکی زانکۆ نیگەرانی خۆی بە خوێندکارەکان دەڵێت لەبارەی رێگەگرتن و قوفڵدانی دەرگای زانکۆکە، لەوبارەوە دەڵێت: "ئەوەی قوفڵی لەو دەرگا داوە لێی قبوڵ ناکەم، ئەشیدۆزمەوە و ئەیدەمە دادگا، چونکە ئەوە داخستنی دەزگای زانستییە".
 
دەشڵێت: بۆتان نییە رێگە ببڕن (..) من لە ئەمڕۆوە لەگەڵ راگرایەتی کۆلێژەکە قسە ئەکەم، ئەوەی دەوام ناکات، ئەوا یان سمستەرەکەی بۆ ئەخەمە هاوین، یان دواخستنی ئیجباریی بۆ ئەکەم.
 
هەر لەو گفتوگۆیەدا خوێندکاران داوای چارەسەر لە سەرۆکی زانکۆ دەکەن، لەوبارەوە دەڵێت: چارەسەری بابەتی ئێوە لای من نییە، قبوڵیش ناکەم بەردەرگای من بگرن.
 
دەشڵێت: "کێ پێیخۆشە ئەتوانێت دەوام بکات، کێ پێی خۆش نییە ئەتوانێت دواخستن بکات یان بڕوات".
لەوکاتەدا خوێندکاران ئاماژە بەوەدەکەن کە ئەم قسەیە بە هەڕەشەکردن دەزانن، بەڵام د. فەرهاد قادر دەڵێت: هەڕەشە نییە و بە شێوەیەکی ئیداریی قسەیان لەگەڵ دەکات.
 
دەربارەی داواکاری داخستنی کۆلێژی پزیشکییش کە خوێندکاران پێداگیریی لێدەکەن، سەرۆکی زانکۆ دەڵێت: "من دەستی خۆم ببڕمەوە ئەو کۆلێژە داناخەم، هەزار ساڵی تر لەسەر جادە بن کۆلێژ داناخەم، کۆلێژ موڵکی من نییە وەکو فەرهاد، موڵکی هەمو خەڵکی گەرمیانە".
 
دەربارەی ئەوەی دەوامکردنی کۆلێژەکە بە بونی کەموکورتییەوە چ رۆڵێک بۆ کۆلێژەکە دەهێڵێتەوە، د. فەرهاد قادر، دەڵێت: کۆلێژ کەموکوڕیی هەیە، بەڵام ئەو کەموکوڕییە هی ئەوە نییە کۆلێژ دابخەم.
 
کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان بە وتەی خوێندکار و ستافی مامۆستایانی، چەندین کێشەی هەیە کە بە هەڵواسراوی ماونەتەوە، لەوانەش: نەبونی ستافی پێویست، نەبونی نەخۆشخانەی فێرکاریی لە سنورەکە و دانپێدانەنانی زانکۆی گەرمیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە.
 
لە وەڵامی ئەوەی چیکردوە بۆ ئەو بابەتانە، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان بە خوێندکارەکان دەڵێت: وەرن بۆلام بە نوسراو بۆتان ئەخەمەڕو کە چیمان کردوە، ئەوەی لە توانای مندا بوە کردومە.
 
دەشڵێت: ئەگەر خەمی کۆلێژەکەم نەبێت و بزانم چارەنوسی دەفەوتێت، مناڵی خۆم لەگەڵ ئێوەدا دەوامی نەئەکرد.
 
سەرۆکی زانکۆی گەرمیان لە کۆی قسەکانیدا جەخت لە سەردانی نوێنەری خوێندکاران و قسەکردن لەسەر کێشەکانیان دەکاتەوە، بەڵام ئاماژەش بەوەدەکات ئەگەر بابەتەکە داخستنی کۆلێژەکە بێت وەک خوێندکارەکان پێداگیریی لێدەکەن، ئامادەنییە گوێیان بۆ رابگرێت.



Dengnet.net - 2025
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,944,809     ژمارەی میوان 1102