دەنگ نێت
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت: دەبو دادوەر لەبەر حورمەتی ئەنجومەن فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ کەریم عەلی دەرنەکردایە و راینەگرتایە، دەشڵێت: کەریم عەلی نزیکەی ساڵێکە پەیوەندی بە فراکسیۆنی گۆڕانەوە نەماوە.
کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیە، ماوەی پێنج رۆژە لە زیندانە و راگیراوە، لەسەر سکاڵایەکی وەزارەتی دارایی بەوهۆیەی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیی دا باسی لە بونی حاڵەتی نایاسایی و قاچاخی لە دەروازەی پەروێزخان کردبو.
لەبارەی دۆسیەکەوە، رێبوار ئەحمەد- سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: ئەنجومەن لە دۆسیەی کەریم عەلی دا هەڵوێستی هەبوە، نوسراوی بۆ کردوە، داویەتییە لیژنەی یاسا، لیژنەکە نوسراوی بۆ دادگای گەرمیان کردوە، داوا کراوە لە م. کەریم بڕوات ئیفادە بدات، بەڵام ئەو لە کاتی پێویستدا نەڕۆشتوە، بەڵام دواتر کە رۆشتوە حاکم تەوقیفی کردوە.
وتیشی: بەپێی یاساکە نابێت تەوقیف بکرێت، بەڵام دوای ئەوەی بەدواداچونمان کرد دەرکەوت ئەو قسانەی م. کەریم لە بەرنامەکە کردویەتی دادوەر بە "جەریمەی مەشهودە" لە قەڵەمی داوە و تەوقیفی کردوە.
بەپێی یاسایی ژمارە ۳ـی ساڵی ۲۰۰۹ لە بڕگەکانی ۳۰ تا ۳۲ ئەندامی ئەنجومەن پارێزبەندی هەیە، بەوتەی رێبوار ئەحمەد، لەم سۆنگەیەوە وەکو رێزێک بۆ ئەنجومەنی پارێزگا نەدەبو دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ کەریم عەلی دەرکردایە.
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان، باسی لەوەشکرد: لەگەڵ م.کەریم دانیشتوم ئەم بابەتانەم باس کردوە، پێم وتوە وا قسەبکەی توشی گرفتی یاسایی دەبی، ئەبێ بەڵگەت پێبێت، بەبێ بەڵگە توشی گرفتی یاسایی دەبیت، ئەزانین لەم هەرێمە گەندەڵی ئەکرێت، بەڵام بەیاسایی دەکرێت.
کەریم عەلی، لەساڵی ۲۰۱۳ لەسەر فراکسیۆنی گۆڕان خۆی هەڵبژارد و دواتر کاتێک غالب محەمەد کە ئەندامی ئەنجومەنەکە بو و دواتر بو بە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کەریم عەلی جێگەکەی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی گرتەوە. لەبارەی ئەوەی ئایا هێشتا لەو فراکسیۆنەدا ماوەتەوە؟ رێبوار ئەحمەد وتی: نزیکەی ساڵێکە م. کەریم عەلی پەیوەندی بە فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە نەماوە و دەستی لەکارکێشاوەتەوە.