ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
کۆمپانیای خۆراک چارەسەرێک بۆ کێشەی بنکەی خۆراکی مانگانەی رزگاریی دەخاتەڕو

2023/09/14 - 12:03 | 207 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
بەهۆی کێشەی خەرجنەکردنی ئیفادەوە، تاکە کارمەندی بنکەی کۆمپانیای خۆراکی رزگاری وازدەهێنێت و بنکەکە دەگوازرێتەوە بۆ کەلار، بەڕێوبەری نوسینگەی خۆراکی مانگانەی گەرمیانیش دەڵێت: وەکو چارەسەر، دەتوانین ئیفاد بۆ فەرمانبەرەکە خەرج بکەین ئەگەر بێتەوە سەرکار.
 
پاش 23 ساڵ بەشی کۆمپانیای خۆراک لە ناحیەی رزگاری هەڵوەشایەوە و گوازرایەوە بۆ کەلار، ئەو فەرمانبەرەشی دابینکرابوو بۆ ئەو کارە بەهۆی نەبوونی “ئیفاد”ـەوە دەستی لە کارەکە هەڵگرتوە. 
 
ئیفاد بڕە پارەیەکە کە فەرمانبەر لەکاتی هاوتوچۆی دا لەنێوان شار و ناحیەکان بۆ کرێی هاتوچۆ و رۆژانە بۆی خەرج دەکرێت.
 
 ئەو فەرمانبەرەی بەشەکەی کارەکانی بەشەخۆراکی ناحیەی رزگاری بەڕێوە دەبرد ناوی قەحتان ئیبراهیمەو بەڕێوەبەری کارگێڕیە لە بەڕێوبەرایەتی ناحیەی رزگاری، بەوتەی خۆی ئیفادی بۆ دابیننەکراوە، ئیدارەی گەرمیان و وەزارەتی ناوخۆ رەزامەندن بە گواستنەوەی ئەو بۆ رزگاری بە مەرجی دابینکردنی ئیفادی کار، بەڵام وەزارەتی بازرگانی رەزامەند نیە.
 
قەحتان، بۆ رادیۆی دەنگ وتیشی: وەزارەتی بازرگانی وتویەتی کە ئامادەنین کارمەندی هیچ وەزارەتێکی دیکە وەربگرن.
 
لە بەرامبەردا، مەولود سامی، بەڕێوبەری نوسینگەی گەرمیانی کۆمپانیای خۆراک، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: پێشتر بەڕێوبەری ناحیەی رزگاریم ئاگادار کردەوە کە ئەو فەرمانبەرە وازئەهێنێت، بەڵکو فەرمانبەرێک لەشوێنی ئەو دانێن بۆئەوەی هاوڵاتیانی رزگاری بۆ بەشە خۆراکی مانگانە نەیەن بۆ کەلار، بەڵام وتی فەرمانبەرمان نیە.
 
ئاماژەی بەوەشدا: ئێمەش ناتوانین فەرمانبەر دابین بکەین لە جێگای ئەو فەرمانبەرە، چونکە فەرمانبەرمان زۆرکەمە و لە گەرمیاندا تەنها 23 فەرمانبەرین.
 
رادیۆی دەنگ بۆ وەرگرتنی قسەی ئەوان پەیوەندی بە جەمال ساڵح، بەڕێوبەری ناحیەی رزگاریەوە کرد، بەڵام پەیوەندیەکەی بەردەست نەبو.
 
بەڕێوبەری نوسینگەی کۆمپانیای خۆراکی گەرمیان، جەختی لەوەشکردەوە: پێشوتر نەمانزانیبو فەرمانبەری وەزارەتی ناوخۆ ئیفادی بۆ خەرج دەکرێت، بەڵام ئێستا بەڕێوبەری گەنجینە دەڵێت دەتوانین ئیفادی بۆ خەرج بکەین، واتە دەتوانین ئیفاد بۆ ئەو فەرمانبەرەی وازی هێناوە خەرجبکەین ئەگەر بگەڕێتەوە سەرکارەکەی.
 
دوێنیش لەسەر ئەم کێشەیە، دەستەی پاڵپشتیی ناحیەی رزگاریی، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەداوە: "لە بری ئەوەی کار ئاسانی بۆ خەڵکەکەی بکرێت و ڕێزیان لێبگیرێت هەرجارە و بەشێکی لێدەکەنەوە".



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,905,980     ژمارەی میوان 328