ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
نەوت و کانزاکانی گەرمیان: بۆ دروستنەبونی قەیران لە کارگەکاندا غاز خەزن دەکەین

2023/09/05 - 07:35 | 174 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
بەڕێوبەرایەتی نەوت و کانزاکانی گەرمیان ئاشکرای دەکات بۆ رێگریی لە دروستبونی قەیرانی غاز، بڕێک غازیان لە کارگەکان خەزنکردوە، دەشڵێت: دو کارگەی نوێی غاز کراونەتەوە و سێیەمیش لە رێکاردایە، بەمەش ئەگەری رودانی قەیران کەمتر دەبێتەوە.
 
لەمانگی نیسانی ئەمساڵ، یەکەی چاودێریی حکومەتی خۆجێی گەرمیان لەسەر زاری بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی نەوت و کانزاکانی گەرمیانەوە بڵاویکردەوە کە بەڕێوبەرایەتییەکە بۆ رێگریی لە دوبارەبونەوەی قەیرانی غاز، پلانی خەزنکردنی غازیان هەیە. 
 
لەبارەی ئەوەی چ هەنگاوێک لەمڕوەوە گیراوەتەبەر، یادگار فەتاح، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی نەوت و کانزاکانی گەرمیان بۆ رادیۆی دەنگ وتی: ئەو بەشە غازەی کە بۆمان دابین کرابو لەلایەن کۆمپانیای دابەشکردنی غازی شل، وەکو پێویست هێناومانە و لەرێگەی کارگەکانەوە فرۆشتومانە، هەرچی ئەو غازەی کە ماوەتەوە لەکۆگای بەشێک لەکارگەکاندا، خەزنیان کردوە و بەبەردەوامییش غازمان هێناوە تا ئەو رادەیەی کارگەکانی غاز توانای خەزنکردنیان هەبێت.
 
وتیشی: کۆگایەکی فەرمی حکومیمان نیە کە توانای هەڵگرتنی بڕێکی زۆری غازی هەبێت، هەربۆیە تەنها ئەتوانین لەکۆگای کارگەکان  غاز خەزن بکەین. 
 
باسی لەوەشکرد: لەماوەی ئەمساڵدا دو کارگەمان خستوەتە کار و سێیەم کارگەش رێکارەکانی لەکۆتاییدایە و نوسراومان بۆ کردوە بۆ ئەوەی غازی بۆدابین بکرێت کەئەمەش کاریگەریەکی باشی دەبێت لەسەر زیادبونی بڕی غاز و نەمانی قەیرانی غاز.
 
۱۱ کارگەی غاز لە سنوری ئیدارەی  گەرمیان دا هەیە، ٤ کارگە دەکەوێتە قەزای کەلارەوە و ٢ کارگە لە قەزای کفری و سێ كارگه‌ له‌ ناحیەی رزگاری و سێ کارگەکەی دیکەش دەکەونە ناحیەی مەیدان و کۆکس و قۆره‌توه‌وه‌.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,905,384     ژمارەی میوان 1108