ژماره‌یه‌ك فه‌رمانبه‌ر له‌ گه‌رمیان به‌هۆی بایكۆتی ده‌وامه‌وه‌ سزاده‌درێن

2023/09/03 - 03:03 | 332 جار بینراوە    
 
ده‌نگ نێت
 
فەرمانبەرانی فەرمانگەی قەرزی بچوک لەگەرمیان دەڵێن بەهۆی وەرنەگرتنی موچەوە بایکۆتمان کردوە، سێ رۆژ غیاب دراوین و هەڕەشەی فەسڵکردنمان لێدەکرێت، بەڕێوبەری فەرمانگەکەش دەڵێت: هیچ فەرمانگەیەک بایکۆتی نەکردوە، مەعقول نیە دائیرەکەی ئێمە بێتە "سورەی بەر لەشکر".
 
حەسەن عەبدوڵڵا، فەرمانبەر لە فەرمانگەی قەرزی بچوک لە گەرمیان، بەرادیۆی دەنگی راگەیاند: بەڕێوبەرەکەمان وتی بایکۆت مەکەن، بەڵام ئێمە کە ۱٥ فەرمانبەرین کۆک بوین کە بایکۆت بکەین.
 
وتیشی: رۆژی چوارشەمه‌ پەیوەندیان کردبو بە دو فەرمانبەرمانەوە و هەڕەشەیان لێ کردبون، وتبویان ئەگەر نەیەنەوە بۆ دەوام ئیجرائانی توندتان لەگەڵ دەکەین، لەوانەشە بگاتە رادەی فەسڵ کردن.
 
ئاماژەی بەوەشکرد: رۆژی پێنجشەمە جێگری بەڕێوبەری گشتی لەهەولێرەوە پەیوەندی پێوەکردم، وتی: ئەگەر نەگەڕێیتەوە بۆ دەوام تاوەکو یەکشەم ئیجرائاتی توندتان لەگەڵ دەکەین.
 
باسی له‌وه‌شكرد: لە رۆژی چوارشەمەوە نوسراو کراوە بۆ غیابدانمان، بەڵام ئەمڕۆ پەیوەندی کرد و دەڵێت غیابەکەتان دەسڕمەوە، بەڵام بەومەرجەی بێنەوە بۆ دەوام.
 
هاوکات سدیق سەڵاحەدین، فەرمانبەرێکی دیکە لە فەرمانگەی قەرزی بچوک لە گەرمیان، بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: پاش ئەوەی بایکۆتی دەواممان کرد لە رۆژی سێشەمەوە بەڕێوبەرەکەمان هەڕەشەی لێ کردین کەغیاب دەدرێین و ئیجرائاتی توندمان لەگەڵ دەکات، بەهۆکاری ئەوەی کەبایکۆتمان کردوەو دەوام ناکەین.
 
وتیشی: تائێستا موچەی مانگی حەوت و هەشتمان وەرنەگرتوە، بە بەڕێوبەرەکەشمان وت ئێمە تا راگەیاندنی لیستی موچە بەردەوام دەبین لە بایکۆت.
 
له‌به‌رامبه‌ردا، بەڕێوبەری فەرمانگەی قەرزی بچوک لەگەرمیان، ره‌دی كرده‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان كردبێت، به‌ڵام دان به‌ سزادانیان به‌ غیاب دان دا ده‌نێت.
 
ئارام کەریم، بۆ رادیۆی ده‌نگ وتى: شتێک نیە بەناوی هەڕەشە کردنەوە، به‌ڵكو سێ رۆژ غیابم داون.
 
وتیشی: من پێیانم وتوە هاوکارتان ئەبین ئەگەر هەفتەی دو رۆژیش بێت دەوام بکەن، بەهۆی ئەوەی رۆژانە کۆمەڵێک خەڵک سەردانمان دەکات لەشوێنی دورەوە و قەرز دەگەڕێننەوە.
 
له‌باره‌ى هۆكارى سزادانیانه‌وه‌، وتى: هیچ فه‌رمانگه‌یه‌ك باکۆتی نه‌کردوە، ناکرێت ئێمە ببینە سورەی بەر لەشکر، ئێمە خەڵک سەردانمان دەکات، ئیشی خەڵک پەکی دەکەوێت، ئه‌گه‌ر بایكۆت بو به‌ گشتى ئه‌وا قه‌ینا.
 



Dengnet.net - 2023
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,375,188     ژمارەی میوان 34