ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
کۆبونەوەی ژمارەیەک کوڕە شەهیدی یەکێتی لە کەلار کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

2023/08/23 - 01:38 | 503 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
دوای ئەوەی ژمارەیەک کوڕە شەهید کۆبونەوەیەکیان ئەنجامدا، نیگەرانی و کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، بەوپێیەی باس لەوەدەکرێت لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی رێگەی نەداوە کۆبونەوەکە لە بارەگای مەڵبەند دا بکرێت، وتەبێژی مەڵبەندەکەش ئەوە رەد دەکاتەوە.
 
لەچەند رۆژی رابردودا، چەند کوڕە شەهیدێکی یەکێتی لە گەرمیان، کۆبونەوەیەکیان لە کافتریایەکی کەلار ئەنجامدا کە تیایدا بەردەوامبونی خۆیانیان لە ریزەکانی یەکێتی و خزمەتکردن بەو حزبە دوپاتکردەوە.
 
پاش ئەو کۆبونەوەیەش، وابڵاوکرایەوە کە مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی و بەرپرسی مەڵبەندەکە، رێگریان کردوە لەوەی کۆبونەوەکە لە بینای مەڵبەنددا ئەنجام بدرێت، ئەمەش کاردانەوەی زۆی لێکەوتەوە.
 
لەوبارەوە، کاروخ شەهید حەمەڕەش، کە بەشداری کۆبونەوەکە نەبوە، نوسیویەتی: "حەیاچونە بۆ مەڵبەندەکەتان ئەم خاوەنانەی ڕاستەقینەی یەکێتی لە کافتریادا کۆبونەوە بکەن".
 
لایخۆشیەوە، سەیوان خەلیل، یەکێک لە بەشداران و رێکخەرانی کۆبونەوەکە، رونکردنەوەیەکی بڵاوکردوەتەوە و تیایدا دان بەوەدا دەنێت لێپرسراوی مەڵبەند  پێی باشبوە لەدەرەوەی بارەگای مەڵبەند كۆبونەوەكە بكرێت، هۆکاری ئەمەشی گەڕاندوەتەوە بۆ ئەوەی "سنوری جوگرافیای مەڵبەندی گەرمیان  فراوانە و ڕەنگە كوڕ یان كچی شەهیدێك لەبێر بكرێت بۆ بانگێشتكردن بۆ ئەو كۆبوونەوە ببێتە مایەیی گلەیی و گازندە".
 
لەبەرامبەردا وتەبێژی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی- عەلی دەروێش، راگەیەنراوێکی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت: ئەوبابەتە بەوشێوەیە نیە و هەڵەتێگەیشتنی تێدایە.
 
دەشڵێت: "لەسنوری چالاکی مەڵبەندی گەرمیاندا نەک هیچ ڕێگریەک لەکۆبونەوەی نەوەی شەهیدان نەکراوە، بەڵکو بەشێک لەو کوڕە شەهیدانەی بەشداربون لەکۆبونەوەکەدا کادری ئەساسی و دیاری مەڵبەندی گەرمیانن".



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,905,869     ژمارەی میوان 221