فەرمانبەران و مامۆستایانی کۆلێجی تەکنیکی کەلار ناڕازین لە کردنەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیک لە کفری

2023/08/05 - 04:51 | 206 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
لە راگەیەنراوێکدا کە بەناوی مامۆستایان و فەرمانبەرانی کۆلێجی تەکنیکی کەلارەوە بڵاوکراوەتەوە، دژی بیرۆکەی بونیادنانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیانن لە کفری و دەڵێن سەرکەوتو نابێت، ئامادەش نین راژەکەیان بگوازنەوە کفری.
 
دەقی راگەیەنراوەکە:
 
ڕوونكردنه‌وه‌یەک بۆ ڕای گشتی
په‌یمانگای ته‌كنیكی کشتوکاڵی وه‌كو یەکەم  ناوەند لە سنووری گەرمیان وسێهەم ناوه‌ندی زانستی وئه‌كادیمی سه‌ر به ‌وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا وتوێژینه‌وه‌ی زانستی‌‌ لەسنووری پارێزگای سلێمانی بۆ یه‌كه‌مجار بەفەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران بە ژمارە (3155) لە(7/9/1994) له‌ شاری كه‌لار‌ وەکو پەیمانگای تەکنیکی کشتوکاڵی بڕیاری کردنەوەی لێدرا، دواتر بە فەرمانی ئەنجوومەنی وزیران بە ژمارە (4155) لە (6/12/1995) گۆڕدرا بۆ پەیمانگای تەکنیکی کەلار، وپاشان لە سەرەتای ساڵی (2021) گۆڕدرا بۆ کۆڵیجی تەکنیکی کەلار وتاوه‌كو ئێستا (27)خولی ده‌رچوونی هه‌یه‌، وزیاتر له‌(25000) خوێندكاری ده‌رچواندوه‌.
چەندین جار هەوڵی ئەوەمان داوە بۆ ئەوەی ئەم ناوەندە ئەکادیمیە زانستیە بەئەزمونە ببێتە هەوێن ودایکی زانکۆیەکی پۆلیتەکنیک لە گەرمیان، کە چەندین دەزگای تری لێبکرێتەوە لە شارەکانی کەلار وکفری وخانەقین ودەربەندیخان، خۆشبەختانە ئەم هەوڵانە دواجار بەرهەمدار بوو، بە چاودێری بەڕێز جێگری سەرۆکی حکومەت وبەهەوڵ وهیمەتی خودی جەنابی وەزریر وستافی وەزارەت وکۆلیجی تەکنیکی کەلار ودەزگاکانی تری حکومەت لە ناوچەکەدا بەرهەمدار بوو، هەر بۆیە وەزارەتی خوێندنی باڵا لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ ئەو مەبەستە، ودوای سەردانی مەیدانی لیژنەکە بۆ ناوچەکە وبینینی توانای مادیی ومرۆیی وناوچەیی، سەرنجام ئەنجوومەنی وەزارەت پرۆپۆزەڵی کردنەوەی ئەم زانکۆیەی بەرز کردەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران ودواتر بەفەرمانی ژمارە (2546) لە(19/6/2023) بڕیاری کردنەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان درا ودواتر بەفەرماتی وەزارەتی خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی ژمارە(744) لە (22/6/2023) بڕیار درا کە ئەم زانکۆ نوێ یە لە قەزای (کەلار) ناوەندی ئیداری گەرمیان بێت لەبەر ئەم هۆکارانە:
1. بوونی توانایەکی مرۆیی کە زیاد لە(320) مامۆستاو فەرمانبەر لە کۆلیجی تەکنیکی کەلار کە پلەی زانستی جۆراوجۆری لە خۆ گرتووە هەر لە پرۆفیسۆر تا  مامۆستای یاریدەدەر وموعید وفەرمانبەر کە زۆرێکیان نزیکەی چارەکە سەدەیەکە لەم دەزگایە خزمەت دەکەن وخاوەن ئەزموون وپاشخانێکی زانستی وکارگێڕی ودارایین.
2. هەبوونی بەشی ناوخۆیی لە کۆلیجی تەکنیکی کەلار کە جێگای نزیکەی چوار سەد خوێندکاری لێدەبێتەوە بە هەموو پێداویستیەکانیەوە.
3. بوونی زانکۆی گەرمیان لە کەلار ودەتوانن سوود لە ئەزموون وتواناکانی یەکتر وەربگرن
4. سەنتەر بوونی کەلار لە قەزاکانی کفری وخانقین ودەربەندیخان وفراوانی سنووری جوگرافیای کەلار.
هەر بۆیە پاش فەرمانی کردنەوەی ئەم زانکۆیە، وەزارەتی خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی لیژنەیەکی تری پێکهێنا بە فەرمانی ژمارە(873) لە(26/7/2023) بۆ جیاکردنەوەی ئەم زانکۆ نوێ یە  لە زانکۆکانی تر ودانانی پەیکەری ئەم زانکۆیە ولیژنەی ئاماژە پێکراویش لە رۆژی چوارشەمە بەرواری(2/8/2023) سەردانی مەیدانیان کرد بۆ زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان وپێشنیاری پێویستیان بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا  بەرز کردەوە ( بە پێی زانیاریەکان ئەم زانکۆیە کۆلێجێک وپەیماتگایەکی تەکنیکی  لە کفری وکۆلێجێک وپەیمانگایەکی  تەکنیکی لە کەلار دەبێت). 
ئەوەی جێگای سەرنج وتێرامانە بۆ ماوەی چەندین ڕۆژە خەڵکی شاری کفری شاری وەزیران داوای سادەترین مافی ئاسایی خۆیان دەکەن، کە ئێمە پێمان وایە شاری ناوبراو پێویستی بەئاوەڕدانەوەیکی زیاتر هەیە وخزمەتی زیاتری بکرێت لەم سێکتەرانەی لای خوارەوە:
1. دووساید کردنی ڕێگای کفری- دووز وزامنکردنی ڕێگاکە لە ڕووی ئەمنی یەوە.
2. هاندانی وەبەرهێنەران وسەرمایەدارن ئەویش بە -استثناء- کردنیان لە هەندێ ڕێنماییە کار پێکراووەکان بۆ وەبەرهێنان لە شاری کفری بە کردنەوەی چەندین کارگەی جۆراوجۆر ودروستکردنی جیگای گەشتیاری لەسەر بەنداوی باوەشاسوار.
3. چارەسەرکرندی کێشەی زەویەکانی کەرتی تلیشان.
4. خزمەتکردنی کەرتی تەندروستی وناردنی چەندین دکتۆری پسپۆڕ ولێهاتوو.
5. کردنەوەی دەزگایەکی زانستی سەربە زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان لە شاری کفری(دەزگای زانستی زۆر لە باردۆخ وگوزەرانی خەڵک وبوونی هەلیکار شتێکی ئەوتۆ ناگۆڕێت- بەنمونە شاری کەلار وکۆیە ،کە زانکۆی کۆیە لە زانکۆی گەرمیان کۆنترە، بەڵام ئێستا کەلار وکۆیە بەراور ئەکرێن؟)
لەبەر ئەوەی ئێمە لە کەرتی خوێندنی باڵا زۆریکمان نزیکەی چارەکە سەدەیەکە خزمەت دەکەین، بۆیە پیمان باشە لەسەر دواهەمین خاڵ بە وردی بدوێین؛ چونکە ئێستا دەنگێک لە شاری کفری دەبیستین کەوا داوای ئەوە دەکەن کەسەرۆکایەتی ئەم زانکۆیە لە کفری بێت نەک کەلار، ئێمە پێمان وایە شاری کفری مافی خۆیەتی داوای خزمەتگوزاری لەسەرجەم سێکتەرکاندا بکات بەم بابەتەشەوە بەڵام ئایە ئامادەسازیی کراوە لەو شارە؟ ئایە توانای مادی ومرۆی لە ئێستادا لەوێ بوونی هەیە؟ هەر بۆیە ئێمە لێرەدا چەند راستیەک دەخەینەوە ڕوو:
کردنەوەی زانکۆ پیویستی بە پاشخانێکی مرۆیی ومادیی زۆر هەیە، ئا یە ئەتوانرێت لە ماوەیەکی کەمدا فەراهام بکرێت؟ بە تایبەتی لەم دۆخە داراییە خراپەدا، دەبینین چەندین پرۆژەی ستراتیچی گەوروە و پێویست لەبەر نەبوونی توانای دارایی  حکومەت راگیراوە کەهەندیێکایان لە(95%)یان تەواو بووە (بە نمونە: بەنداوی خۆر نەوەزان، ریگای کەلار- سلێمانی، بینای شارەوانی کفری ونەخۆشحانە(100) قەرەوێڵەکی کەلار وسەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان) کە هەر هەمویان بە نیوە ناچڵی ساڵانێکە بێناز کەوتوون..
حکومەت لە ئێستادا هیچ کەسێک دانامەزرێنێت.
زانکۆی گەرمیان چەند نمونە وڕاستیەکی تاڵیان هەیە ئەبیت پەندی لێوەربگرین، هەر چەندە چەندین هەوڵی باشیشیان داوە بەلام دەرئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە! بەنمونە لە ساڵی خوێندنی (2013) کۆلیجیکی لە قەزای کفری کردوە، بەڵام نەک گەشەی نەکردوە بەڵکو خەریکە دا دەخرێت.
بۆیە ئێمە پێمان وایە لە ئێستادا داوا کردن و بردنی ئەم زانکۆیە بۆ کفری، زانکۆکە سەرکەوتوو نابێت  وپێش ئەوەی لە دایک ببێت دەمرێت، لەبەر ئەم هۆکارانە:
نەبوونی بینای نوێ وشایستە (لە ئێستادا) بۆ سەرۆکایەتی زانکۆ وکۆلیج  وپەیمانگاکەی( بینای زانکۆ وکۆلیج وپەیمانگا سەرکەوتوو نابێت لە قوتابخانە وپەیمانگای ئیسلامی وبینای قائیماقامیەت یاخود بارەگای حیزبی)
نەبوونی ستافی ئەکادیمی ڕاهێنراوو وشارەزا کە لە ئیستا دانشتووی خەڵکی کفری بن .
ئامادەنەبوونی هیچ یەکێک لە مامۆستیان وفەرمانبەرامی کۆلیجی تەکنیکی کەلار بۆ گواستنەوەی راژەکەیان بۆ شاری کفری، لە بەرئەوەی (%95)یان میلاکی ئەم کۆلیجە خەڵکی کەلار وڕزگاری وخانەقینن.
 
مامۆستایان وفەرمانبەرانی کۆلیجی تەکنیکی کەلار
5/8/2023



Dengnet.net - 2023
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,371,210     ژمارەی میوان 37