ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
هەڵبژاردنی تیپە میلیەکانی رزگاری دوادەخرێت و کاندیدێکیش گومانی هەیە

2023/05/21 - 08:26 | 280 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
جێگری سەرۆکی لیژنەی باڵای تیپە میلیەکانی گەرمیان دەڵێت: هەڵبژاردنی لیژنەی ناحیەی رزگاری دوادەخرێت بەهۆی چالاکیی لیژنەکەوە، سەرۆکی پێشوی لیژنەی تیپە میلیەکانی گەرمیانیش دەڵێت: بەهۆی ئەوەوە هەڵبژاردنەکە دواخراوە، چونکە ئەو کاندیدی ئەو پۆستەیە و ترساون دەرچێت.
 
سامان تاهیر، سەرۆکی پێشوی لیژنەی باڵای تیپە میلیەکانی گەرمیان، بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: دەیانویست هەڵبژاردن بۆ سەرۆکی لیژنەی تیپە میلیەکانی رزگاری بکەن، بەڵام زانیان من خۆم هەڵدەبژێرم و بەشێکی زۆری دەنگەکانم مسۆگەر کردوە، هەڵبژاردنەکەیان دواخست بۆ ساڵێکی تر.
 
وتیشی: شتێک نیە بەناوی درێژکردنەوە، ئەو کارەی کراوە نایاساییە.
 
بەوتەی سامان تاهیر: یاساکە وایە ئەو کەسانەی دەبنە سەرۆک لەگەڵ تیپەکاندا رێکدەکەون بۆ ساڵێک یان دوان یان سیان، ئەمان رێککەوتون بۆ ساڵێک ئێستا ساڵەکە تەواو بوە و ساڵێکی تریان بەنایاسایی بۆ درێژکردەوە.
 
بەپێی دو نوسراو کە وێنەیان دەست رادیۆی دەنگ کەوتوە، لیژنەی تیپە میلیەکانی رزگاری لە رێکەوتی ٨/٥/۲۰۲۳ نوسراوێکی ئاڕاستەی لیژنەی باڵای تیپە میلیەکانی گەرمیان کردوە و تیایدا هاتوە: "لە بەرواری ۲٥/٥/۲۰۲۳ کاتی یاسای لیژنەکەمان بەسەر دەچێت، داواکارین لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردن بکرێت"، بەڵام دواتر لیژنەی باڵای تیپە میلیەکانی گەرمیان وەڵامی نوسراوەکەی داوەتەوە و تیایدا دەڵێت: ماوەی یاسایی لیژنەکان بۆ دو ساڵە و لە ساڵی ۲۰۲٤ هەڵبژاردن دەکرێت.
 
سامان تاهیر، وتیشی: ئەوان زانیویانە من کاندیدم و هیچ کاندیدێکی بەهێز نیە بەرامبەر بە من نەیانوێرا و پێیان عەیب بو بڵێن سامان تاهیر دەرچو بەرامبەرمان، بێئاگا لەوەی ئەم نوسراوە لەوە عەیبەترە لەترسی مندا هەڵبژاردن نەکەن.
 
لایخۆشیەوە، محەمەد عەلی ئەکبەر، جێگری سەرۆکی لیژنەی باڵای تیپە میلیەکانی گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: هەر سەرۆکێکی لیژنە کە هەڵدەبژێردرێت، لەساڵێک کەمتر نەبێت و لە سێساڵ زیاتر بمێنێتەوە.
 
وتیشی: "بەڕێزیان یاساکەیان داناوە لەکاتی خۆی، بەپێی ئەو یاسایەی خۆیان دایانناوە دەسەڵاتی ئەوەمان هەیە هەر لیژنەیەک کە کاروچالاکی ئەکتیڤە و تیپەکان لێی رازین، لەساڵێک بۆ سێ ساڵ بیهێڵینەوە".



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,722,250     ژمارەی میوان 296