ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
تەندروستی گەرمیان: تەنها بە زارەکی پێمان وترا ١٠٠ ملیۆن دینارمان بۆ تەرخان دەکرێت

2023/05/09 - 08:16 | 301 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
تەندروستی گەرمیان دەڵێت تەنها بەزارەکی پێمان راگەیەنراوە ١٠٠ ملیۆن دینارمان بۆ خەرج دەکرێت و هیچ نوسراوێکمان پێنەگەیشتوە، لەمساڵیشدا لەکۆی ٦٠٠ ملیۆن تەنها ٢٢٥ ملیۆنیان بۆ خەرجکراوە.
 
ئەمڕۆ ئیدارەی گەرمیان بڵاویکردەوە؛ پاش پەیوەندیی سەرپەرشتیاری ئیدارەکە بە بەڕێوبەری بانکی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی، بڕیاریداوە ١٠٠ ملیۆن دینار بۆ تەندروستی گەرمیان خەرج بکرێت.
 
لەوبارەیەوە، د.سیروان محەمەدجەمال، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان، بە رادیۆی دەنگی وت: لە بارەی ناردنی ١٠٠ ملیۆن دینار بۆمان، هیچ شتێکمان بەفەرمی پێنەگەیشتوە، بەڵکو بە زارەکی ئاگادار کراوینەتەوە.
 
هاوکات رەتیشیکردوە ئەو داواکارییە پێشنیاری هاوبەشی نێوان ئەوان و ئیدارەی گەرمیان بێت، بەڵکو باسی لەو گرفتە داراییانە کرد کە لە پارساڵەوە روبەڕویان بوەتەوە.
 
وتی: ئەگەرچی دەبێت مانگانە ١٥٠ ملیۆن دینارمان لە بانکی گەرمیان بۆ خەرج بکرێت، بەڵام لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە کۆی ٦٠٠ ملیۆن دینار، تەنها ٢٢٥ ملیۆن دینارمان بۆ خەرج کراوە.
 
بەو هۆیەشەوە ئێستا دۆخی خزمەتگوزاریی تەندروستی لە گەرمیان بە ئاقارێکی خراپدا دەڕوات، بەو پێیەی پارە بۆ پاککردنەوە و خواردەمەنی نەخۆشخانەکان و دەرمان و کەرەسەتە و سوتەمەنی ئەمبوڵانس و.. هتد، بەردەست نییە.



Dengnet.net - 2025
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,940,761     ژمارەی میوان 1628