ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
ئەو مامۆستایەی لەکەلار تەقە لە ماڵەکەی کرا قسە بۆ رادیۆی دەنگ دەکات

2023/05/05 - 08:47 | 959 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
ئەو خێرخوازەی دوێنێ شەو لە کەلار تەقە لە ماڵەکەی کرا، رونکردنەوە لەبارەی روداوەکە دەدات و دەڵێت: وایان زانیوە من مامۆستا بۆ مزگەوت دادەنێم.
 
کاروان رەشید سەمین، پیشەی مامۆستایە و کاری خێرخوازیش دەکات، باس لەچۆنێتی روداوەکە بۆ رادیۆی دەنگ دەکات و دەڵێت: لە کاتژمێر ۱۱:٤٥ خولەکی شەو خەریکی راخستی فەرش بوم لە ناو مزگەوتەکە، خێزانم تەلەفۆنی بۆ کردم وتی کەسێک تەقە لە ماڵمان دەکات، کە رۆشتمەوە شوێنی گولە بەخانوەکەوە بو، تەنها خێزانم لەماڵەوە بو، سوپاس بۆ خوا هیچ زیانێکی بەرنەکەوتوە، بەڵام زیانی زۆر بەر خانوەکەمان کەوتوە زیاد لە ۲٦ قەوان فیشەک لەگەڕەکەکە کەوتوە و دانە بەدانە جێگاکانی دیارە.
 
بەوتەی خۆی، هۆکاری کێشەکەی گەڕاندەوە بۆ دروستکردنی مزگەوتێک، وتی: "من سەرپەرشتی دروستکردنی مزگەوتەکە دەکەم، ئەم مزگەوتە مامۆستایەکی پێویستە، رێکارە یاساییەکەی وایە هەر کەسێک خۆی بەشیاو دەزانێت دەبێت بچێت سیڤی پێشکەش بە ئەوقاف بکات، چەند کەسێک تەقدیمی کردوە، بەڵام ئەوقاف یەکێکیان هەڵبژاردوە، تەقەکەرەکە برای یەکێک لەوانەیە کە سیڤیەکەی قبوڵ نەبوە".
 
وتیشی: ئەوان واتێگەشتون من مامۆستای مزگەوتەکە دائەنێم، بەڵام ئەوە ئیشی من نیە و ئەوقاف مامۆستا بۆ مزگەوت دائەنێت، کاتێک خێرخوازێک مزگەوتێک دروست دەکات بێگومان کلیلەکە تەسلیمی ئەوقاف دەکات و دەبێت بەموڵکی دەوڵەت.
 
لایخۆشیەوە وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، عەلی جەمال، لەبارەی روداوەکەوە بۆ رادیۆی دەنگ وتی: تەقەکەرەکە ناسراوەتەوە و هەڵهاتوە، لە ئێستادا لە هەوڵی دەستگیرکردنی داین.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,701,835     ژمارەی میوان 2936