ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
خێزانی شەرمین عەلی: لایەنە ئیداری و ئەمنیەکان هیچ رونکردنەوەیەکیان پێ نەداوین

2023/04/28 - 05:07 | 323 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
خێزانی شەرمین عەلی، فەرمانبەری بەڕێوبەرایەتی باجی خانوبەرەی گەرمیان کە پێش ٢ رۆژ لەگەڵ هاوسەرەکەی لە کەلار دەستگیرکران، دەڵێن لایەنە ئیداری و ئەمنیەکان هیچ رونکردنەوەیەکیان لەسەر روداوەکە پێ نەداوین و هەمو تۆمەتێکیش رەد دەکەینەوە.
 
لەراگەیەنراوەکەی خێزانی شەرمین عەلی دا هاتوە: "شەرمین عەلی و ئارام حەسەن سایەخان کە دەکاتە هاوسەری شەرمینی خوشکم بە تۆمەتی ناڕەوا و نادروست 
لەلایەن هێزێکی چەکداری دەمامکدارەوە ڕفێنراون".
 
ئاماژە بەوەشدەکەن لەسەر روداوەکە تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی سنوری گەرمیان و ئاسایش رونکردنەوەی پێنەداون و "خۆیان لێی بێ بەری کردوە".
 
داواکاش لەو لایەنانە دەکەن کە بە زوترین کات بێنە سەرخەت و "لەم کەیسە بێدەنگی هەڵنەبژێرن تا ئێمە نەهاتوینەتە دەنگ".
 
باس لەوەشدەکات باوکیان پێشمەرگەیەکی کۆنە و خەبات و خزمەتێکی زۆری کردوە، کەچی وەکخۆیان دەیڵێن "بەشێوەیەکی زۆر ناشرین هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی کچەکەی و بەبێ رەچاوکردنی هیچ یاسایەک هەردوکیان بە دەست و قاچ بەستراوی بردوە".
 
هەروەک هەر تۆمەتێکیش رەد دەکەنەوە و دەڵێن: "هەموو ئەو تۆمەتانەش ڕەتدەکەینەوە بەوپەڕی تەحەداوە".
 
نیوەڕۆی چوارشەمە (٢٦ـی نیسانی ٢٠٢٣)، ئارام حەسەن و شەرمین عەلی کە فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتی باجی خانوبەرەی گەرمیانن، لە ماڵەکەی خۆیاندا لە گەڕەکی شەهیدانی کەلار دەستگیرکران و بە وتەی باوکی ئارام بۆ سلێمانی گوازراونەتەوە.
 
ئارام حەسەن، پێشتر بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەروازەی پەروێزخان و شەرمین عەلی بەرپرسی راگەیاندنی دەروازەکە بو، بەڵام دواتر بە فەرمانی وەزیری دارایی راژەکەیان لە دەروازەکەوە گوازرایەوە بۆ بەڕێوبەرایەتی باجی خانوبەرەی گەرمیان. هاوکات شەرمین عەلی، بۆ ماوەی چەند ساڵێک پەیامنێری کەناڵی (KNN) بو.
 
لەسەر روداوەکەش دوێنێ ژمارەیەک رۆژنامەنوس بەیاننامەیەکیان دەرکرد و ئیدانەی روداوەکە و شێوازی دەستگیرکردنەکەیان کرد.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,702,253     ژمارەی میوان 3269