ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
حەسەن سایەخان لەبارەی دەستگیرکردنی کوڕ و بوکەکەی قسە بۆ رادیۆی دەنگ دەکات

2023/04/26 - 05:51 | 1017 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
حەسەن سایەخان، باوکی ئارام حەسەن کە ئەم نیوەڕۆیە لەلایەن هێزێکەوە لەگەڵ هاوسەرەکەی دا دەستگیر کران، بە رادیۆی دەنگی وت: کوڕەکەی و بوکەکەی لەلایەن هێزێکەوە دەستگیرکراون و وتراوە لەسەر "بابەتی رۆژنامەوانی و ئەو شتانەیە".
 
نیوەڕۆی ئەمڕۆ، هەریەکە لە ئارام حەسەن سایەخان و شەرمین عەلی کە هاوسەری یەکترین و فەرمانبەرن لە بەڕێوبەرایەتی باجی خانوبەرەی گەرمیان، لەلایەن هێزێکی نەناسراوەوە لە کەلار لە ماڵەکەی خۆیان لە گەڕەکی شەهیدانی کەلار دەستگیر کران.
 
لەبارەی روداوەکەوە، حەسەن سایەخان، باوکی ئارام و کەسایەتی کۆمەڵایەتی گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: هێزێک هاتن لەماڵا بردنیان، بە کڵاشینکۆفەوە خانوەکەمان ژور بە ژور گەڕان، وتیان ئەمری حاکممان پێیە.
 
وتیشی: هێزەکە وتیان دەستگیرکردنەکە "لەسەر بابەتی رۆژنامەنوسی و ئەو شتانەیە".
 
هەروەک بەدوریزانی دەستگیرکردنەکەیان لەسەر کێشەی دەروازەی پەروێزخان بوبێت، وەکخۆی وتی: "ئەمان نەقڵ بون لە مەرز (دەروازەی پەروێزخان)".
 
دەستگیرکراوەکان هەتا پێش چەند مانگێک لە دەروازەی پەروێزخان بەرپرسیارێتییان هەبو، ئارام حەسەن بەرپرسی پەیوەندییەکان و شەرمین عەلی بەرپرسی راگەیاندنی دەروازەکە بون، بەڵام دواتر بە فەرمانی وەزیری دارایی راژەکەیان لە دەروازەکەوە گوازرایەوە بۆ بەڕێوبەرایەتی باجی خانوبەرەی گەرمیان. هاوکات شەرمین عەلی، بۆ ماوەی چەند ساڵێک پەیامنێری کەناڵی (KNN) بو.
 
لەبارەی ئەوەی چ هێزێک ئەو دوانەی دەستگیر کردوە، حەسەن سایەخان ئاماژەی بەوەدا لەلایەن ئۆپراسیۆنی ئاسایشەوە دەستگیرکراون.
 
ئەمەو تائیستا لایەنە فەرمییە پەیوەندیدارەکان لەبارەی ئەم روداوەوە هیچ رونکردنەوەیەکیان نەداوە.
 
دەربارەی ئەوەشی کە لە کوێ دەستبەسەرن، وتی: "تا کەمێک پێش ئاستا لەکەلار بون، لەوانەیە ئێستا بەڕێکەوتبن بەرەو سلێمانی".
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,335,064     ژمارەی میوان 5654