دەنگ نێت
هەریەکە لە ئارام حەسەن سایەخان و شەرمین عەلی کە هاوسەری یەکترین و فەرمانبەرن لە بەڕێوبەرایەتی باجی خانوبەرەی گەرمیان و پێش چەند مانگێک لە دەروازەی پەروێزخان دەوامیان دەکرد، لەلایەن هێزێکی نەناسراوەوە لە کەلار دەستگیر کران.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، هێزێکی چەکداری نەناسراو کە رون نییە چ هێزێکە، ئەو دو فەرمانبەرەی لە ماڵەکەی خۆیان لە گەڕەکی شەهیدانی کەلار دەستگیر کردوە و گومانیش دەکرێت بۆ سلێمانی برابن.
بەوتەی سەرچاوەکان، هۆکاری دەستگیرکردنیان نەزانراوە و رادیۆی دەنگ بۆ زانینی زیاتر پەیوەندی بە چەند کەسێکی نزیکیانەوە کرد، بەڵام پەیوەندیەکانی جێبەجێ نەبو.
دەستگیرکراوەکان هەتا پێش چەند مانگێک لە دەروازەی پەروێزخان بەرپرسیارێتییان هەبو، ئارام حەسەن بەرپرسی پەیوەندییەکان و شەرمین عەلی بەرپرسی راگەیاندنی دەروازەکە بون، بەڵام دواتر بە فەرمانی وەزیری دارایی راژەکەیان لە دەروازەکەوە گوازرایەوە بۆ بەڕێوبەرایەتی باجی خانوبەرەی گەرمیان.