دەنگ نێت
کوڕێکی نوسەر و لێکۆڵەر (م. شەماڵ) کە پێش ٨ مانگ لە کفری تیرۆرکرا، دەڵێت: "طموحمان" بە لایەنە ئەمنییەکان زیاتر بو.
رەنجە سوهێل، کوڕی سوهێل خورشید ناسراو بە (م.شەماڵ)، بە رادیۆی دەنگی وت: فەرمانی گرتن بۆ بکوژانی باوکم دەرچوە، بەڵام تائێستا دەستگیر نەکراون، بەڵام برایەکی بکوژەکە دەستگیرکراوە، گومانێکی زۆر هەیە برای بکوژەکە پەیوەندی بەتاوانەکەوە هەبوبێت بۆیە تائێستاش دەستبەسەرە.
وتیشی: لایەنە ئەمنیەکان هەوڵی خۆیان داوە و فەرمانی گرتنیان بۆ بکوژەکان دەرکردوە و ئەو ئۆتۆمبیلەی کە تاوانەکەی پێ ئەنجامدراوە گرتوە و برایەکی بکوژەكهشیان دەستگیر کردوە، بەڵام ئێمە خواستمان "طموحمان" زیاترە، ئەبوایە ئەوکاتەی روداوەکە رویدا بگیریایەن و دەرنەچوبایەن لەشار، هەتا ئەو کاتەی لەم نزیکە بون بگیریایەن.
لایخۆشیەوە، سهرچاوهیهك له ئاسایشی گهرمیان بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: هێشتا لێکۆڵینەوە لەروداوەکە بەردەوامە.
جهختیشی كردهوه كه برای بکوژهكه گیراوه و ماددە یاساییەکەی لە ٤۰٦ـی یاسای سزادانەوە گۆڕدراوە بۆ ماددەی ٢ـی تیرۆر.
نیوەڕۆی رۆژی ٢٨ـی ئابی ٢٠٢٢، سوهێل خورشید عەزیز، لەدایکبوی ١٩٦٠ و فەرمانبەر لە کشتوکاڵی کفری، کە هاوکات کادیری تەڤگەری ئازادی نزیک لە پەکەکە بو و نوسەر و لێکۆڵەری بواری مێژو و جوگرافیای گەرمیان و کەرکوک بو، لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لە کفری بە دەستڕێژی گولە کوژرا.
دو رۆژ دواتر لە تاوانەکە، رادیۆی دەنگ لەسەر زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە
بڵاویکردەوە: تیرۆرکەر و تەقەرەکە ناوی (یڵدرم)ـەو کادیری بەرەی تورکمانیە، دوای ئەنجامدانی تاوانەکە و گەڕانەوەی لە کفرییەوە بۆ کەرکوک، ئۆتۆمبيلەکەی لە داقوق جێهێشتوە و خۆیشی لە رێگەی فرۆکەخانەی هەولێرەوە بەرەو تورکیا هەڵهاتوە.