ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
سەنتەری میترۆ داوای چاوخشانەوە بە سزای ٢ مێردمناڵەکەی کەلار دەکات

2022/11/10 - 05:43 | 270 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
سەنتەری میترۆ داوای چاوخشانەوە دەكات بەحوكمە یاساییەكانی دو مێردمناڵ كە تۆمەتباركراون بە توندوتیژییەكانی خۆپیشاندانی ساڵی 2020ـی قەزای كەلار. 
 
دوێنێ رادیۆی دەنگ، بڵاویکردەوە: دو مێردمناڵ بە ناوەكانی: عەبدوڵڵا هیوا فاتیح (17ساڵ)، و سابیر ئەحمەد محەمەد (19 ساڵ)، بە تۆمەتی بەشداریكردن لە توندوتیژی خۆپیشاندانەكەی ئابی (2020)ـی قەزای كەلار، یەکی بە بە (4) ساڵ زیندانیی حوكمدران.
 
ئەمڕۆ سەنتەری میترۆ کە داکۆکی لە پرسەکانی ئازادی و ئازادیی رۆژنامەوانی دەکات، لە راگەیەنراوێکدا داوای پێداچونەوە بەو سزایە دەکات.
 
سەنتەرەکە دەڵێت: "داوا لەدادگای تێهەڵچوونەوە دەكات ئەو حوكمە یاساییانەی بەسەر ئەو دوو مێردمناڵە دەركراون بگۆڕدرێن و ئەوە لەبەرچاوبگرن كە هەندێک جار زەبروزەنگی هێزە ئەمنییەكان دەبنە هۆكاری بەرزبونەوە و توڕەیی بەشداربوانی ئەو چالاكییە مەدەنییانە".
 
دەقی راگەیەنراوەکە:
 
داوای چاوخشانەوە بە سزاكە دەكەین
 
سەنتەری میترۆ داوای چاوخشانەوە دەكات بەحوكمە یاساییەكانی دوو مێردمناڵ كە تۆمەتباركراون بە "توندووتیژی"یەكانی خۆپیشاندانی ساڵی 2020 ی قەزای كەلار. 
 
دوو مێردمناڵ بە ناوەكانی عەبدوڵا هیوا فاتیح (17ساڵ)، و سابیر ئەحمەد محەمەد (19 ساڵ)، بە تۆمەتی بەشداریكردن لە توندوتیژی خۆپیشاندانەكەی ئابی (2020)ی قەزای كەلار بە (4) ساڵ حوكمدران.
 
ئەو كاتەی عەبدوڵڵا هیوا فاتیح، بەشداری نارەزایەتییەكانی شارەكەی كرد، كە تیایدا ئاگربەردرایە بە شێك لە بینای قائیمقامییەتی شارەكە، تەمەنی (15ساڵ)، بووەو،  سابیر ئەحمەد محەمەدیش، (17 ساڵ) بووە، بۆیە دۆسییەكەیان لە دادگای نەوجەوانانان حوكمی لەسەر درا.
 
حوكمەكەی دادگا پشتی بەستووە بە مادەی 342 لە یاسای سزادانی عێراقی هەركەسێك بە ئەنقەست ئاگر لە ماڵ و موڵكێكی گوازراوە و نەگوازراوە بەربدات تەنانەت ئەگەر هی خۆیشی بێت و ئەو ئاگرە ببێتە هۆی مەترسی دروستكردن لەسەر ژیان و ماڵ و موڵكی كەسانی تر، سزادەدرێت بە بەندكردنێك كە لە 15 ساڵ زیاتر نەبێت.
 
ئێوارەی 22ی ئابی 2020 ژمارەیەك لە خۆپیشاندەر چونە بەردەم بینای قائیمقامیەتی قەزای كەلار، ئاگر لە بەشێكی بیناكەدا هەڵگیرسا و زیانی بە ئۆتۆمبێلێك گەیاند.
 
بە پێ هەواڵێكی رادیۆی دەنگ ( میدیایەی سەبەخۆیە لە كەلار) خانەوادەی حوكمدراوەكان داوای پێداچوونەوەیان كردووە بەحوكمەكانیان.
 سەنتەری میترۆ داوا لەدادگای تێهەڵچوونەوە دەكات ئەو حوكمە یاساییانەی بەسەر ئەو دوو مێردمناڵە دەركراون بگۆڕدرێن و ئەوە لەبەرچاوبگرن كە هەندێ جار زەبروزەنگی هێزە ئەمنییەكان دەبنە هۆكاری بەرزبوونەوە و توڕەیی بەشداربوانی ئەو چالاكییە مەدەنییانە. 
 
دەربارەی میترۆ:
 
سەنتەری میترۆ لە ئابی 2009 بە هەوڵی كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و بەرگریكاری مافی مرۆڤەوە، بە هاوكاری رێكخراوی  پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی IWPR ی دامەزاروە، لەو كاتەوە 11 راپۆرتی دەربارەی رەوشی ئازادی رۆژنامەگەری بڵاو كردۆتەوە. 
لەسەرەتای دامەزراندنیەوە لە رێگەی پرۆژەوە هەریەك لە  رێكخراوەكانی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ و ئاشتی (IWPR) و پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی  (IMS  ) رێكخراوی گەلی نەرویژی (NPA) ، Guf Center for Human Rights، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ئاژانسی نێودەوڵەتی سویدی بۆ هاریكاری مرۆیی SIDA، پەیامانگای كۆماری نێودەوڵەتی IRI، كۆمەكی دارایی كراوە.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,716,122     ژمارەی میوان 1275