دەنگ نێت
ژمارەیەک بەرپرسی حکومی لە گەرمیان لەکاتی دەوامی فەرمی دا بەشداریی لە مەراسیمی پێشوازیی لە ژمارەیەک بەرپرسی یەکێتی نیشتمانی دەکەن، لەکاتێکدا ئیدارەی گەرمیان پێشتر رایگەیاندبو ئەو جۆرە کارانە قەدەغەیە.
بەیانی ئەمڕۆ سێشەمە، هەریەکە لە شاڵاو کۆسرەت و پۆڵا سیروان ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، سەردانی مەڵبەندی گەرمیانی ئەو حزبەیان کرد، لە پێشوازیشیاندا ژمارەیەک بەرپرسی حکومی ئامادە بون، لەوانە و وەک لە وێنەکان دا دەرکەوتون: بەڕێوبەری ئاسایشی گەرمیان و کەلار، بەڕێوبەری پۆلیسی گەرمیان و کەلار، بەڕێوبەری حەج و عەمرەی گەرمیان و بەڕێوبەری نەخۆشخانەی گشتی کەلار و ژمارەیەک پلەداری ئەمنی و سەربازی.
ئەمەش لەکاتێکدایە پێشتر ئیدارەی گەرمیان رایگەیاندبو چەند جارێک لە رێگەی نوسراوی فەرمی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەرپرسانی حکومەتی لە سنورەکە ئاگادار کردوەتەوە کە نابێت لەکاتی دەوامی فەرمی دا بەشداریی لە بۆنەی جیاواز دا بکەن کە پەیوەندی بە کاروباری حکومەتەوە نەبێت، لەنێویشیاندا بۆنەی حزبی.
هەروەک لە رۆژی ٣١ـی ئابی ئەمساڵ، ئیدارەی گەرمیان نوسراوێکی بۆ وەزارەتی ناوخۆ بەرزکردبویەوە بەمەبەستی سزادانی بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان بەو هۆیەی بە پێچەوانەی نوسراو و گشتاندنەکانی پێشویانەوە، بەشداریی لە پرسەدا کردوە لە کفری، کە پرسەکەش هی (م. شەماڵ) بو کە لە رۆژی ٢٨ـی ئابی ئەمساڵ لە کفری تیرۆر کرا و جگە لەوەی نوسەر و لێکۆڵەر بو، هاوکات فەرمانبەری کشتوکاڵی کفریش بو.