دەنگ نێت
لەبارەی دروستکردنی مزگەوتێک لەنێو پرۆژەی لانە سیتی لە کەلار، کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە دەڵێت: بەبێ مۆڵەت و رەزامەندی ئێمە هەوڵی کۆکردنەوەی پارە بۆ ئەو کارە دراوە.
لە هەواڵێکی پێشوتری رادیۆی دەنگ دا، دەشتی محەمەد، یەکێک لەنوێنەرانی دانیشتوانی پرۆژەی لانەسیتی لە کەلار، دەڵێت: ماوەی ٢ ساڵە مزگەوتێکی نێو پرۆژەکە تەواو نەکراوە، ئەگەرچی لە رێگەی خێرخوازەوە هەوڵمانداوە کاری دروستکردنی ئەو مزگەوتە دەست پێبکەین، بەڵام وەبەرهێنی پڕۆژەکە رێگری لێکردوین.
باسی لەوەشکردوە: مزگەوتەکە تەنها هەیکەلە و هیچ کارێکی تێدا ناکرێت و لە بری مزگەوت وەک کۆگا بەکاری هێناوە.
لەبەرامبەردا کۆمپانیای روناکی شار کە پرۆژەی لانەسیتی دروست کردوە، نوسراوێکی بۆ ئیدارەی گەرمیان کردوە و وێنەیەکی بح رادیۆی دەنگ نێردراوە، باس لەوە دەکات کە دروستکردنی مزگەوت لەنێو پرۆژەکە ئەرکی ئێمە نەبوە، بەڵکو کۆمپانیا خۆی هەستاوە بەدروستکردنی.
نوسیویشیانە: بەشێک لە نیشتەجێبوانی پرۆژەی لانە سیتی بەبێ رەزامەندی ئێمە هەستاون بە پارەکۆکردنەوە بۆ تەواوکردنی مزگەوتەکە کە ئەمەش پێچەوانەی یاسایە.
داواشیان لە ئیدارەی گەرمیان کردوە ئەگەر رێگری لەو کارە نەکەن، رێکاری یاسای دەگرنە بەر دژی هەر کەسێک کە دەستێوەردان دەکات لە نێو پرۆژەکەدا.
وێنەیەک لە نوسراوەکەی کۆمپانیای روناکی شار