دەنگ نێت
نوێنەرێکی دانیشتوانی پرۆژەی نیشتەجێونی لانەسیتی لەکەلار دەڵێت: وەبەرهێنەری پرۆژەکەیان کار بۆ تەواوکردنی دروستکردنی مزگەوتی پرۆژەکە ناکات و رێگەش نادات ئێمە بە خێرخوازیی تەواوی بکەین.
دەشتی محەمەد، یەکێک لەنوێنەرانی دانیشتوانی پرۆژەی لانەسیتی لە کەلار، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: ماوەی ٢ ساڵە مزگەوتێکی نێو پرۆژەکە تەواو نەکراوە، ئەگەرچی لە رێگەی خێرخوازەوە هەوڵمانداوە کاری دروستکردنی ئەو مزگەوتە دەست پێبکەین، بەڵام وەبەرهێنی پڕۆژەکە رێگری لێکردوین.
باسی لەوەشکرد: مزگەوتەکە تەنها هەیکەلە و هیچ کارێکی تێدا ناکرێت و لە بری مزگەوت وەک کۆگا بەکاری هێناوە.
رادیۆی دەنگ بۆ وەرگرتنی قسەی ئەوان، چەند جارێک پەیوەندی بە ئەحمەد حەسەن "ئەحمەدی روناکی"، وەبەرهێنی پرۆژەی لانەسیتییەوە کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە.
بەڵام وتەی بەڕێوبەری گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان لە سەر کێشەیە جیاوازە.
هونەر مەحمود، بە رادیۆی دەنگی وت: شەوی رابردو رێکەوتن لە نێوان دانیشتوان و کۆمپانیاکەدا کراوە بەوەی وەبەرهێنەکە مزگەوتەکە لە سەر ئەرکی خۆی دروست و تەواو بکات.
ئەگەرچی دەشتی محەمەد بێئاگایی خۆیانی وەکو نوێنەرێکی دانیشتوانی پرۆژەکە لەو "رێکەوتنە" پیشان دا، وتیشی: کۆمپانیا هەڕەشەی سکاڵاتۆمارکردنی لەئێمە کردوە ئەگەر لە رێگەی خێرخوازەوە کار لە تەواوکردنی مزگەوتەکەدا بکەین.