دەنگ نێت- محەمەد ئازاد
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند: لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ١٣ حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتنی پیاوان تۆمارکراوە، رێژەکەش بەراورد بە پار زیادیکردوە.
عەلی جەمال قدوری، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: لەو ١١ حاڵەتە، ٧ـی کوشتن بوە کە پێنجیان ئەنقەست و دویان بەنائەنقەست بوە، هەروەک ٦ حاڵەتی خۆکوشتنیش تۆمار کراوە.
وتیشی: رێژەکەش بەراورد بە شەش مانگی سەرەتای ساڵی پار، زیادیکردوە.
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، ئاماژەی بەوەشکرد زۆربەی تاوانەکان بە چەک ئەنجام دراون کە هەندێک لە چەکەکان مۆڵەتیان هەیە و هەندێکیشیان بێ مۆڵەتن.
ئەمەش لەکاتێکدایە مانگی رابردو بەهۆی زیادبونی حاڵەتەکانی کوشتن و تاوانکاریی، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم هەڵمەتێکی بۆ بە دەستبەسەراگرتن و بنبڕکردنی دیاردەی چەکی بێمۆڵەت و داخستنی بازاڕەکانی چەک فرۆشتن دەستپێکرد، ئەگەرچی بە وتەی سەرۆکی لیژنەی بنبڕکردنی چەکی بێمۆڵەت لە گەرمیان، لە هەڵمەتەکەدا هیچ چەکێکی بێمۆڵەت دەستی بەسەردا نەگیرا.