دەنگ نێت
لەسەر پرسی دامەزراندنی وانەبێژان لیژنەیەکی وەزارەتی خوێندنی باڵا سەردانی زانکۆی گەرمیان دەکات، بەرپرسێکی وەزارەتەکەش دەڵێت: هەر کەسێک وانەبێژ نەبوبێت گرێبەستی بۆ ناکرێت.
د. توانا نەجەف، بەڕێوبەری گشتی کارگێڕیی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا کە سەرۆکی لیژنە پێکهێنراوەکەی وەزارەتە بۆ بەدواداچونی پرسی دامەزراندنی وانەبێژان، بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: لیژنەکەمان کاری چێککردنەوەی ناوەکانە بۆ ئەوەی بزانرێت ئەمانە سەرەتایان هەیە یاخود پێشتر وانەبێژ بون یان نا، چونکە لە زاخۆوە بۆ خانەقین ئەوەی وانەبێژ نەبوبێت دەردەکرێت لە لیستەکە و نابێت بە گرێبەست.
وتیشی: لە حاڵەتێکدا ئەگەر کەسێک وانەبێژ نەبوبێت، بەڵام سەرەتا و بەڵگەی وانەبێژیی بۆ بکرێت، ئەوا ئەچێتە بواری ساختەکارییەوە و "هەر کەسیش دەوێرێت با بیکات".
بەرپرسەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا جەختی لەوە کردەوە کە هەرکەسێک پێشتر وانەبێژ نەبوبێت، ناکرێت بە گرێبەست و دانامەزرێت.
لایخۆشیەوە، د. ئاراز فەریق زەینەڵ، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: ئێمە لیستی ناوەکانمان دەخەینە بەردەستی ئەندامانی ئەو لیژنە تایبەتە و ئامادەنین بۆ کەس ناحەقی و ساختەکاریی بکەین، هەر کەسێک فەرمانی زانکۆیی نەبێت و پێشتر وانەبێژ نەبوبێت دەردەکرێت لە لیستەکە.
لەچەند رۆژی رابردودا رادیۆی دەنگ هەواڵی ئەوەی بڵاوکردەوە کە ژمارەیەک لەو کەسانەی کە لە لیستی وانەبێژانی زانکۆی گەرمیان ناویان هاتوە بۆ ئەوەی گرێبەستیان لەگەڵ بکرێت، پێشتر وانەبێژ نەبون، بەڵکو هەندێکیان بە واستەی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە ناوەکانیان خراوەتە نێو لیستەکەوە، هەروەک هەندێکی تریشیان بە پاساوی ئەوەی پێویستیان بە راژەکەیانە، لەلایەن زانکۆی گەرمیانەوە ناویان بەرزکراوەتەوە، کە ئەمانەش ناڕەزایەتییەکی زۆری لەلای خاوەن بڕوانامەکانی خوێندنی باڵا لە سنورەکە دروستکرد.