دەنگ نێت
سەرۆکی زانکۆی گەرمیان ئاشکرای دەکات (٤) لەو کەسانەی کە لە لیستی دامەزراندنی وانەبێژان ناویان گەڕاوەتەوە، پێشتر وانەبێژ نەبون و خۆیان وەکو زانکۆ داوایان کردوە بۆیان دابمەزرێنرێن، لەکاتێکدا پێشتر رایانگەیاندبو سەرجەم ئەو ناوانەی بەرزکراونەتەوە لەلایەن ئەوانەوە وانەبێژ بون و لەسەرەوە ناوی دیکەی بۆ زیاد کراوە.
ماوەی چەند رۆژێکە پرسی دامەزراندنی ژمارەیەک وانەبێژ بە گرێبەست لە زانکۆی گەرمیان، بوە بە باسی رۆژ، دوای ئەوەی رادیۆی دەنگ ئاشکرای کرد لەو لیستەی کە هاتوەتەوە بۆ دامەزراندن، چەند کەسێک هەن کە وانەبێژ نەبون، لەکاتێکدا دامەزراندنەکە بۆ ئەو کەسانەیە کە پێشتر وانەبێژ بون.
لە
لێدوانێکی پێشویدا، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان بە رادیۆی دەنگی وتبو، ئەو کەسانە کە وانەبێژ نەبون و ناویان هاتوەتەوە بۆ دامەزراندن، ئەوان ناوەکانیان بەرز نەکردوەتەوە، بەڵکو لە "سەرەوە" ناوەکانیانی تێکراوە.
بەڵام بەپێی ئەو نوسراوەی دەست رادیۆی دەنگ کەوتوە، (٤) کەس لەوانەی وانەبێژ نەبون، لەلایەن سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیانەوە ناوەکانیان بەرزکراوەتەوە.
لایخۆشییەوە، د. ئاراس فەریق، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، جەختی لە دروستی ئەو نوسراوە کردەوە و بە رادیۆی دەنگی وت: (٤) ناو وانەبێژ نەبون، پێویستیمان بە راژەکەیان بوە و بەرزمان کردوەتەوە، بەتێبینییش لەسەر لیستەکە نوسیومانە کە وانەبێژ نین و پێویستمان بە راژەیانە و نەمانشاردوەتەوە.
دوێنێ رادیۆی دەنگ لە
هەواڵێکدا ئاشکرای کرد یەکێک لەو کەسانەی کە وانەبێژ نەبون و ناوی بۆ دامەزراندن گەڕاوەتەوە، پسپۆڕییەکەی کوردییە و برای راگری کۆلێجی پەروەردەی گەرمیانە .
لەوبارەوە راگری کۆلێجی پەروەردە- د. حسێن ئیسماعیل، لەلێدوانێکدا بۆ رادیۆی دەنگ وتبوی: نە پشتگیریەک نە نوسراوێک لەلایەنی من و کۆلێژەکەمەوە نەکراوە بۆ ئەوەی ئەو برایەم دابمەزرێنن.
لەبەرامبەریشدا، سەلام رەحیم، سەرۆکی بەشی کوردیی لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی گەرمیان، لەلێدوانێکدا بەرادیۆی دەنگی راگەیاند: ماوەی ساڵێکە سەرۆک بەشم، بەڵام ئەم کەسە لای ئێمە وانەبێژ نەبوە، پێشتریش وانەبێژ نەبوە.
وتیشی: ئەگەر هەر کەسێک وانەبێژ بێت پێویستە لەبەشەکەی خۆیەوە پشتگیری بکرێت، ئێمەش هەر کەسێک وانەبێژ نەبوبێت پشتگیرمان بۆ نەکردوە.
لەبارەی ئەمەوە، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان- د. ئاراس فەریق، وتی: راستە یەکێک لەوانە برای راگری کۆلێجی پەروەردەیە، بەڵام ئەو (راگری کۆلێجی پەروەردە) ئاگای لێنییە و ناوی ئەوی بەرز نەکردوەتەوە، بەڵکو خۆمان بە وەزارەتمان وتوە پێویستیمان پێیەتی.