موقتەدا سەدر و پرسی سەرۆکایەتى حکومەتی داهاتوی عێراق

2020/12/31 - 02:49 | 457 جار بینراوە    
 
یاسین تەها
 
لەگەڵ کۆتاییهاتنى شەڕى بچوککردنەوەى بازنەکانى هەڵبژاردن بۆ ئاستى قەزا لەناو ئەنجومەنى نوێنەران و چەسپاندنى, موقتەدا سەدر پرسى بەدەستهێنانى زۆرینەى لەهەڵبژاردن و بەدەستهێنانى سەرۆکایەتى حکومەتى داهاتوى عێراقى فڕێدایە ناو گۆڕەپانى سیاسى و میدیایی عێراق[1]. گەلۆ، پاڵنەرەكانی ئەم گوتارە تازەیەی سەدر چین و لە بنەڕەتدا خواستی بەدەستەوەگرتنی حكومەتی داهاتوو لەلایەن سەدرەوە تا چەند كردەنییە؟
 
راگەیاندنی پێشوەختەی سەركەوتن!
 
پێشبینى و خولیاى موقتەدا سەدر بۆ بردنەوەی زۆرێك لە كورسییەكانی پەرلەمانی داهاتوو، لە هەژماری تویتەریی (صالح محمد العراقي) و لە زارى وەزیر و بەرپرسەکانیترى رەوتەکەیەوە زیاتر روونکراوەتەوە. بە گوێرەی ئەوەش، سەدرییەكان لە پەرلەمانى داهاتوودا بەتەمای بەدەستهێنانى ١٠٠ کورسین بە پاڵپشتى دەوروبەرى ٥ ملیۆن دەنگ.[2]ئەمەش لە ڕووى تیۆرییەوە، زۆرینەیەکى یەکلایان بۆ پێکهێنانى حکومەت بۆ دەستەبەر دەكات.
 
هەندێک ئەم لێدوان و وروژاندنە پێشوەختەى سەرکەوتن، بەنمایشێکى سیاسیى سەدر سەیردەكەن و هەندێکیتریش وەك ریکلامێکى پێشوەختەى هەڵبژاردن دەیبینن.[3]بەڵام بە وردبوونەوە لەهەنگاوەکانى ئەمدواییەى رێبەرى ڕەوتەکە؛ موقتەدا سەدر، دەردەکەوێت كە هەڵپەى سەدرییەکان بۆ دەستگرتن بەسەر جومگە گرنگەکانى عێراق شتێكی تازە نییە. ئەمەش لەسایەى ئەو هاوکێشە سیاسییە شڵۆقەى کە دۆخى وڵاتەکەى پێدا گوزەر دەکات و خول لەدواى خول گۆڕانکاریی کتوپڕو خێرا دەهێننە پێشەوە وەك: دوورخستنەوەى حیزبى دەعوە لە سەرۆکایەتى حکومەت (٢٠١٨)، ناچارکردنى عادل عەبدولمەهدى بە دەستلەکارکێشانەوە (٢٠١٩) و دواتریش دانانى مستەفا کازمى کە سەدر خۆى بە قسەكەرى یەکەم دەزانێت لە دانانى، چوونكە مستەفا كازمی هیچ کورسییەکى لە ئەنجومەنى نوێنەراندا نەبووە[4].
 
سەدر بۆ گەیشتن بەسەرۆکایەتى وەزیران چانس و دەرفەتى زۆرى هەیە. ئەو پێیوایە خۆى و بنەماڵەکەى قوربانى گەورەى دەستى بەعسن، بە وتەی خۆی شەڕى ئەمەریکییە “داگیرکەرەکانى” کردووە و شەڕى داعشى کردووە و خاوەنی هێزی سەربازییە (سرایا سلام). هەروەها پێیوایە كە شەڕى بۆ چاکسازى كردووە و لە خۆپیشاندانەکانیش بەشدار بووە. لەوانەش گرنگتر، خاوەنی بنکەیەکى جەماوەریی بەهێزە کە لە هەڵبژاردنەکاندا زۆرینەى پێ دەبەخشن.[5] یاساى هەڵبژاردنى ئێستا کە عێراقى کردووە بە ٨٣ بازنە، دەرفەتى زیاتر دەدات بەو گردبوونەوە و کۆمەڵگا سەدرییانەى لەبەغدا و شارەکانیتر هەن، تا لەهەموو لایەنەکانیترى شیعە باشتر کەڵک لەدەرفەتەکان وەربگرن. جەماوەری لایەنەكانی دیكە پەرش و بڵاوە و وەکوو ئەوەی سەدرییەکان كۆكراو نین. بەگەڕانەوە بۆ تۆمارى هەڵبژاردنەکانى رابردووش، رەوتى سەدر وەک جەماوەریترین تەوژمی ناو شیعە بەردەوام لەهەڵکشاندا بووە. بەجۆرێک، 30 كورسیی لە یەكەم هەڵبژاردنی 2005 بەدەستهێناوە، کەچى لە 2010دا كورسییەكانی بەرز كردووەتەوە بۆ 39 كورسی، لە 2014دا گەیشتووەتە 36 كورسی و لە 2018دا لەڕێگای هاوپەیمانیی سائیرون بە 54  كورسییەوە پلەى یەکەمى بەدەستهێناوە[6].
 
جگە لە گرەوکردن لەسەر هەڵبژاردن و چەکى (سرایا سلام)، سەدر هەندێ رێخۆشکەریی دیكەی کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنى دەسەڵات لەچەشنى: وەرگرتنى پۆستى ئەمینداریى گشتى ئەنجومەنى وەزیران (حەمید غزى), دانانى جەعفەر سەدرى ئامۆزاى بە باڵیۆزى عێراق لە لەندەن کە باوەڕ وەهایە بۆ کردنەوەى دەرگا دیبلۆماسییە دەرەکییەکانە بەڕووى رەوتەکەى. هەڵبەت لەگەڵ ئەم چانس و خاڵە بەهێزانەشدا رێگاى سەرۆکایەتى وەزیران بۆ سەدر تەخت و بێ تەگەرە نییە، چوونكە پێشهاتێكی وەها، هەواڵێکى زۆر ناخۆش و شۆکهێنەر دەبێت بۆ رکابەرەكانی سەدر و هێزە شیعەکانی وەک نورى مالیکى، عەممار حەکیم. ئەمە جگە لە هێزەکانیترى وەک عەسایبی ئەهلی هەق و ئەو گروپە وەلائییە ئێرانیانەى بەمدواییە دروست بوون و راستەوخۆ خۆیان بەدرێژکراوە و هەوادارى رابەرى باڵاى شۆرشى ئێرانى دەزانن و لایان قورسە بچنە ژێرعەباکەى سەدرەوە. ئەمە جگە لە مەسەلەى هەڵوێستى هێزە ئیقلیمى و نێودەوڵەتییەکانى لەچەشنى ئەمەریکا و وڵاتانى کەنداو کە پێشینەى باشیان لەگەڵ سەدردا نییە و هێشتاش روون نییە کورد و سوننە و کەمایەتییەکانیترى چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم هەڵپە سەدرییەدا دەکەن، بەتایبەت کە سەدر لەبنەڕەتەوە دژى سیستمى فیدراڵى عێراق و کوردستانى بوونى کەرکوک و ریفراندۆمى سەربەخۆیی (٢٠١٧) بووە و زۆر جاریش خۆى لەسەروو رەخنە و گفتوگۆوە دەبینێت و ڕاوبۆچوونە سیاسییەکانى لەشێوەى فەتوادا بڵاودەکاتەوە.
 
بەر لەگەیشتن بەسەرۆکایەتى وەزیران، سەدر لەکێشمەکێش و ململانییەکى سەختدایە لەگەڵ ئەو خۆپیشاندەرانەى کە سەردەمێک ئەم پاڵپشتیان بوو. تەنانەت خۆشى بە عاشقى “شۆڕشى تشرین” ناساند[7]، کەچى لەوە بەدوا، بارگرژى نێوانیان گەیشتە ئاستى تۆمەت گۆڕینەوە و تەنانەت کوشتنی خۆپیشاندەرانیشی بەدەستى لایەنگرانى سەدر[8] تێكەوت. بەرلەوەى لەدوا هەنگاودا سەدر بڕێک پاشگەز ببێتەوە و بەپێى مەرج و بەندو باوى تایبەتى خۆى[9]داواى هاوپەیمانى بکات بۆ بەرەنگاربوونەوەى “گەندەڵکاران”،  هەروەها بەهۆى ئەوەی هەڵبژاردنى داهاتووـ ئەگەر ساز بکرێت لە ٦ حوزەیرانى ٢٠٢١ ـ بەدەسکەوت و بەرهەمى رەنجى خۆپیشاندەران لەقەڵەم دەدرێت و دروشمى سەدریش “پاڵپشتى چاکسازى” ییە، پێویستى بەخۆ یەکلاییکردنەوە لەگەڵ ئەو بنکە جەماوەرییە هەیە. بەرلە بەرەنگاربوونەوەى رکابەرە سیاسییەکانى لە ململانێى پۆستى سەرۆکایەتى وەزیران، دەبێ كیشەكانی لەگەڵ خۆپیشاندەران یەكلا بكاتەوە. ئەم هەنگاوە بۆ سەدر زۆر قورس و مەحاڵ نییە بەتایبەت زۆرجار سەدر لە ناوچەی خۆڵەمێشیدایە، هەر لەبەر ئەمەش پێی وتراوە “پیاوی سوپرایز و خۆگونجاندن لەگەڵ دژیەكییەكان”[10]هەروەها هەندێكی دیكە زیاتر رۆیشتوون و ناویان ناوە “سەرۆكی دژیەكییەكان”[11]، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی لەسەر هیچ شتێك ئۆقرە ناگرێت و هەر لەم میانەیەشدا بەدوور نازانرێت دواى خۆپیشاندەران هەوڵى رازیکردنى کورد و سوننە بدات.
 
پەراوێزەکان:
[1] مقتدى السيد محمد الصدر (22/ 11/ 2020)، تغريدة على تويتر https://twitter.com/Mu_AlSadr/status/1330518719303462912/photo/1
 
[2] بغداد اليوم () التيار الصدري يتحدث عن 3 أسباب تؤهله للفوز في الانتخابات المبكرة، https://baghdadtoday.news/news/137786/%D8%A7%D9%84%D8% 
[3] العراق اليوم (18/ 11/ 2020)، ائتلاف العبادي : تيار الصدر لن يحصل على 100 مقعد نيابي، http://iraqtoday.com/ar/news/46515/%D8%A7%D8%A6%D8%AA%D9%84%D8%A7%D9%8
 
[4] مقتدى السيد محمد الصدر (30/ 11/ 2020)، تغريدة على تويتر، https://twitter.com/Mu_AlSadr/status/1333470143503093761
 
[5] صالح محمد العراقي، تغریدة على تویتر (20/ 11/ 2020) https://twitter.com/salih_m_iraqi/status/1329845344763568130
 
 
[6] سی ان ان العربیة، مصدر سابق؛ بی ب سی العربیه (19/5/2018): تحالف الصدر يفوز بالانتخابات البرلمانية في العراق، موقع بي بي سي عربي، https://www.bbc.com/arabic/middleeast-44178665 (
[7] مقتدى السيد محمد الصدر (2/2/2020)، تغريدة على تويتر، مقتدى السيد محمد الصدر (2/2/2020)، تغريدة على تويتر، https://twitter.com/Mu_AlSadr/status/1224026664063115267/photo/1  (
[8] الجزيرة نت، عشرات القتلى والجرحى بعد اقتحام أنصار الصدر لساحة الاعتصام بالنجف، https://www.aljazeera.net/news/politics/2020/2/5/%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8
 [9] مقتدى السيد محمد الصدر (30/ 11/ 2020)، تغريدة على تويتر، https://twitter.com/Mu_AlSadr/status/1333470143503093761
 
[10] حارث حسن (28/3/2008)، “التيار الصدري: بين الشعبية والشعبوية”، مجلة الحوار المتمدن الإلكترونية، العدد 2234، http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=129588&r=0
 
[11] محيى الدين حسين (24/10/2017): مقتدى الصدر.. رجل المفاجآت والتكيف مع التناقضات!، https://www.dw.com/ar/%D9%85%D9%82%D8%AA%D8%AF%D9%89
 
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,701,657     ژمارەی میوان 3081