ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
دابەزینی بەهای دینار و چەند قسەیەک

2020/12/31 - 02:46 | 450 جار بینراوە    
 
سالار حه‌سه‌ن
 
حکومەتی عێراق بەهاوکاری بانکی ناوەندی بڕیاریداوە بەهای یەک دۆلار بکاتە ١٤٥٠ دینار و بەهۆی ئاڵوگۆڕی وەزارەتی دارایی لەگەڵ بانکی ناوەندی و پاشان بانکی ناوەندیش لەگەڵ بانکەکانی تر و پاشان لەگەڵ نوسینگەکان، ئەگەری زۆرە بەهای یەک دۆلار بگاتە ١٥٠٠ دینار واتە ١٠٠ دۆلار بگاتە ١٥٠ هەزار دیناری عێراقی.
 
عه‌لی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق، رایگەیاند: ئامانجیان لە دابەزاندنی بەهای دینار کەمکردنەوەی هاوردە و رزگارکردنی بازاڕەکانی عێراقە لە خنکانی بەهۆی کاڵای دەرەکیەوە".
 
ئەم پاساوەی حکومەتی عێراق لاوازترین و بێ بەهاترین پاساوە بەلای شارەزایان و تەنانەت خەڵکی ئاسایی شەقامیشەوە، چونکە لە عێراقدا بەرهەمی ناوخۆ لە چەند بوارێکی کەمدا نەبێت لە ئاستی سفر دایە.
 
ئەم پاساوەی عیراق لەکاتێکدا راست دەبو کە بەرهەمی ناوخۆمان هەبێت، بەڵام ئەو بەرهەمانە توانای کێبڕکێی بەرهەمی دەرەکی نەبێت و حکومەت بە گرتنەبەری ئەم هەنگاوە ئاراستەی خواستی لە دەرەکیەوە دەگۆڕی بۆ ناوخۆیی.
 
 
دەکرا عێراق بۆ پاراستنی ئەو بەرهەمە کەمەی ناوخۆ دو هەنگاوی بگرتایه‌ته‌بەر:
 
یەکەم: قەدەغەکردن یان سنوردارکردن یان بەرزکردنەوەی رەسمی گومرگی بۆ هاوردەکردنی ئەو کاڵایانەی کەلە ناوخۆدا بەرهەمدەهێنرێن، بەمەش حکومەت دو ئامانجی دەپێکا کە دەسکەوتنی بڕێک داهات و رەخساندنی زیاتری دەرفەتی کار، وەکوچۆن لە هەندێک وەرزی ساڵدا جەند رێکارێک دەگرێتەبەر بۆ پاراستی بەرهەمی کشتوکاڵی.
 
دوەم: پاڵپشتی کردنی کەرتی تایبەتی ناوخۆ و راکێشانی وەبەرهێنانی بەرهەمداری بیانی بەئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمی ناوخۆ و کەمکردنەوەی هاوردە.
 
ئەم هەنگاوەی حکومەتی عێراق رەنگە لەماوەی درێژخایەن دا هەندێک کاریگەری ئیجابی هەبێت، ئەویش بە هاندانی بوژاندنەوەی بەرهەمی ناوخۆ، بەڵام دابەزینی بەهای دینار  لە ئێستادا سێ کاریگەری سلبی دەبێت:
 
١. بەرزکردنەوەی نرخی شمەک و خزمەتگوزارییەکانی بازاڕ و لەنیویشیاندا پێویستیە گرنگەکانی تاکی عێراقی لەوانە خۆراک و دەرمان.
 
هەر لەئێستاوە ئەو کاریگەرییانە لە بازاڕەکاندا بەدیار کەوتون و نرخی بەشێکی زۆر لە شمەکەکان بەرزبوەتەوە و ئەگەریشی هەیە رێژەی بەرزبونەوەی نرخەکان لەنێوان ١٣% بۆ ١٥%  بێت.
٢. دروستبونی شڵەژان لە بازاڕەکان پرۆژەکانی وەبەرهێنان و نەمانی متمانەی خەڵکی بە دیناری عیراقی .
 
٣. چینی هەژار و موچەخۆر زەرەرمەندترین چین دەبن، چونکە ئەوان تەنها بەکاربەرن و هەرچەندە نرخی شمەک بەرز ببێتەوە ئەوان داهاتیان سنوردارە و داهاتیان نەک زیاد ناکات، بەڵکو لەژێر هەڕەشەی کەمکردنەوەدایە، بەمەش دوجار زەرەمەند دەبن، جارێک بەهۆی دابەزینی هێزی کڕینی دینار و جارێکیش بەهۆی سنورداری داهاتەکەیانەوە، بەڵام لەبەرامبەر ئەمەشدا بازرگان و فرۆشیارەکان توشی کەمترین زیان دەبن، چونکە کاتێک نرخی شمەکەکانیان بەرزدەبێتەوە ئەوانیش نرخی فرۆشیان بەرز دەکەنەوە، بەڵام ئەم کەسانە تەنها یەکجار زەرەرمەند دەبن، ئەویش بەهۆی دابەزینی ئاستی خواستەوە.
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,717,130     ژمارەی میوان 1650