ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
دوای پێنج مانگ راژەی پۆلیسەکانی "هێزەکەی مەلا بەختیار" گوازرایەوە هەولێر

2025/02/10 - 01:24 | 8386 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
دوای ئەوەی لە مانگی ئابی پارەوە فەرمانی گواستنەوەی ژمارەیەک پۆلیس درا کە بە "هێزەکەی مەلا بەختیار" ناسرابون لە خانەقینەوە بۆ هەولێر، بەڵام بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان فەرمانەکەی جێبەجێ نەکرد، سەرەنجام لەم مانگەوە پۆلیسەکان بە تەواوی خرانە سەر هەولێر و موچەکانیان گوازرایەوە.
 
لە ٢٦ـی ئابی ٢٠٢٤، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بڕیاری گواستنەوەی ١٦٥ پۆلیسی لە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیانەوە بۆ سەر بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هەولێر دا، کە ئەو پۆلیسانە بە "هێزەکەی مەلا بەختیار" ناسرابون و لە خانەقین و بینای میوانخانەی مەلا بەختیار دا دەوامیان دەکرد.
 
دەرچونی ئەم بڕیارەوە، ناڕەزایەتی یەکێتی نیشتمانی لێکەوتەوە، بە دەستی مەلا بەختیار- کارگێڕی پێشوی مەکتەبی سیاسی حزبەکەیان زانی، هەربۆیە لە کاردانەوەیدا هەم دەستیان بەسەر بارەگای دەزگای چاودێردا گرت لە سلێمانی کە مەلا بەختیار سەرۆکی بو، هەمیش دەستیان بەسەر ئەو بارەگایەدا گرت کە بە میوانخانەی مەلا بەختیار لە خانەقین ناسراو بو.
 
لەلایەکی تریشەوە، بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان فەرمانی گواستنەوەی پۆلیسەکانی جێبەجێ نەکرد و گواستنەوەکەی راگرت، بەڕێوبەری پۆلیسی گەرمیان لە سەروبەندی دەرچونی بڕیارەکەدا بە رادیۆی دەنگی وت: ناتوانین له‌ ئێستادا ئه‌و فه‌رمانه ‌جێبه‌جێ بكه‌ین.
 
بەوپێیەی بڕیارەکە لە سەروی خۆیانەوە دەرچوە، بۆیە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان نەیدەتوانی لە روی یاسایی و ئیدارییەوە پابەندی نەبێت، بەڵام تاکە چەکێک کە بەدەستییەوە بو بۆ رێگرییکردن، ئەنجام نەدانی مامەڵەی بڕوانامەی دوا موچە "شهادة اخر راتب" بو بۆ پۆلیسەکان کە بەڕێوبەرایەتییەکە بۆی نەکردن و بەمشێوەیەش گواستنەوەی پۆلیسەکان پەکیکەوت.
 
دواین پێشهاتی دۆسییەکە ئەوەیە کە فەرمانێکی دیکە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆوە دەرچوە و موچەی ئەو پۆلیسانەی بە راستەوخۆیی گواستوەتەوە بۆ هەولێر، بەڵام پۆلیسەکان هێشتا هەر لە خانەقین دەوام دەکەن و شوێنی دەوامیان نەگوازراوەتەوە بۆ هەولێر، بەمەش ئەو پۆلیسانە گوازرانەوە سەر بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هەولێر/ بەشی پۆلیسی پاسەوانی.
 
هاوکات پۆلیسەکان ناچارکراون کە مامەڵەی پرۆژەی 'هەژماری من' بکەن و لەو رێگەیەوە موچەکانیان وەربگرن.
 
تائێستاش کاردانەوەی یەکێتی نیشتمانی لەبارەی ئەم بڕیارەوە نازانرێت.



Dengnet.net - 2025
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,781,867     ژمارەی میوان 287