دەنگ نێت
سەرۆکی شارەوانی ناحیەی رزگاریی دەڵێت: داواکراوە شوێنی مزگەوتی گەورەی ناحیەکە بگۆڕێت، بەڵام ئێمە ئەوە رەد دەکەینەوە، بەڕێوبەری گشتی شارەوانیەکانی گەرمیانیش دەڵێت بڕیاردان لە گواستنەوەی مزگەوتەکە لە دەسەڵاتی ئەوقافی گەرمیانە.
ئەرسەلان ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی ناحیەی رزگاریی سەر بە کەلار، بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: پاش دەستکردن بەکاری نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی نێو بازاڕی ناحیەکەمان، ئەمڕۆ لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی گەرمیانەوە نوسراوێکمان بۆ هاتوە کە چەند کەسێک بەناوی خەڵکی رزگارییەوە داوا دەکەن ئەو مزگەوتە لەشوێنی خۆی نۆژەن نەکرێتەوە و شوێنەکەی بگۆڕدرێت.
وتیشی: بەهیچ شێوەیەك رەزامەند نابین شوێنی مزگەوتی ناوبازاڕی ناحیەی رزگاریی بکرێت بە شوێنی بازرگانی یان هەرشتێکی تر، چونکە ئەوە نزیکەی ۳۰ ساڵە مزگەوتە و هیچ رێگرییەکی نەبوە لەبەردەم ئیشوکاری هاوڵاتیاندا، بگرە کارئاسانی بۆ هاوڵاتیان و کاسبکارانی بازاڕەکە کردوە.
لەبەرامبەردا بەرزان کەریم، بەڕێوبەری گشتی شارەوانییەکانی گەرمیان، بە رادیۆی دەنگی وت: کۆتایی ساڵی پێشو هاوڵاتییەک داوای کرد کە جێگای ئەم مزگەوتە بکات بە بازرگانی و مزگەوتەکە لەشوێنێکی دیکە دروستکات، بەڵام کەشارەوانی سەڵاحیەتی ئەوەی نییە مزگەوت دروستکات یان بیڕوخێنێت و ئیشی ئەو قافە، هەرئەوکات نوسراوەکە ئاڕاستەی ئەوقافی گەرمیان کراو رەتکرایەوە.
وتیشی: هەندێک هاوڵاتی لە چەند رۆژی پێشودا هاتنە لای جێگری بەڕێوبەری گشتی شارەوانییەکانی گەرمیان، ئەم مزگەوتە رەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکانی نییە بۆ کاری نۆژەنکردنەوە، چونکە ئەم مزگەوتە کاری نۆژەنکردنەوەی بۆ نەکراوە، بەڵکو روخێنراوەو سەرلەنوێ دروست دەکرێتەوە.
دەشڵێت: جێگرەم داوای کردوە رونکردنەوەیان پێبدرێت ئایا ئەم مزگەوتە رەزامەندی لایەنەکانی وەرگرتوە بۆ کاری نۆژەنکردەنەوە و دروستکردنی، ئەسڵی بابەتەکا ئەمەیە نەک بازرگانی و هەندێک کەس دەڵێن رێگە نادەین و رێگە دەدەین.
وتیشی: هیچ دەسەڵاتێک لەشارەوانی ناتوانێت رێگا بدات یان رێگا نەدات، بەڵکو ئەوە دەسەڵاتی ئەوقافی گەرمیانە.