محەمەد ئەحمەد
یەکەم: پەیوەندی نێوان کارمەند و دامەزراوە دەبێ هەمیشە لەباشترین ئاستدا بێت
کارمەند چاوەڕێی دامەزراوە بەخێوی بکات (موچەی پێبدات)، دامەزراوەیش چاوەڕێی ئەوەیە ئەو کارمەندە وای لێبکات کە ئەو قازانج بکات یاخود هیچ نەبێت زەرەر نەکات. بۆیە دەبێ هەردولا پەیوەندیەکی بەهێزمان هەبێت. هەریەکێک لە ئێمە کە لە دامەزراوەیەک کاردەکەین نەچوین تاوەکو دامەزراوەکە خێرمان پێبکات، دامەزراوەیش منی ناوێ تاوەکو بەخێوم بکات. ئەم پەیوەندیەیش زۆر تەندروست دەبێت ئەگەر هەردولایەن بەم شێوە لێی بڕوانن.
دوەم: کێشەکانی ناو دامەزراوەکان
بەڕای من بەشێکیان حاڵەتی زۆر نۆرماڵن جا بەڕێوەبەرەكان و کارمەندەکان خۆیان دروستی بکەن و هۆکاری بن یاخود کۆمەڵێك سیاسەتی کارکردن وایکردبێت کێشە دروست بێت. هەڵە ئەوەیە کاتێک ئەتەوێ کێشەك چارەسەر بکەی وەکو یەک کوتلە بتەوێت چارەسەری بکەی. پێویستە کێشەکان پارچە پارچە بکەی و بچوکیان بکەیتەوە بۆئەوەی بتوانین چارەسەریان بکەیت و زاڵ بین بەسەریان چونکە مەرج نیە هەمویان پێکەوە یەک دۆخیان پێویست بێت بۆ مامەڵەکردن.
لەبەر ئەوەی پێدەچێت هەندێکیان ئیداری بن، هەندێکی تریان دارایی، هەندێکی دیكهشیان پەیوەستە بە شێوازی هەڵسوکەوت لەگەڵ کارمەندەکان.
سێییەم: کۆبونەوەکان
کۆبونەوە یەکێک لە لاوخسارە جوانەکانی دامەزراوەکانن، بۆیه پێویسته:
۱. رۆژێک یان چەند ڕۆژێک پێشتر ئامادەکاریی بۆ کۆبونەوەکان بکرێت کە هەر یەک لە بەژداربوان بزانن بۆچی بەژدار دەبن.
۲. دەکرێت لە کۆبونەوەکان پێشەکیەکی هەبێت کە بەوەدەست پێبکات لەسەر هاندانیان و رونکردنەوە لەسەر ئەو مەبەستەی تۆ هەیتە بۆ كۆبونەوە و دواتر بەدوای ئەو بڕیارانە بڕۆین کە پێشتر داوتانە.
۳. پێویستە هەر بابەتێک دێتە کۆبونەوەکانەوە لەکۆتایدا بڕیاری لەسەر بدرێت. خۆ ئەگەر نەکرا ئەوە دوابخرێت بۆ کۆبونەوەی دواتر و لەڕێگەی لیژنەیەکەوە بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت. نابێت کۆبونەوە بێ بەرهەم بێت و دەبێت لەهەمان کات بەردەوام بێت و بەدواداچونی بۆ بابەتەكانی ناو كۆبونەوەكە بکرێت.
بۆیە دەڵێم کۆبونەوە یەکێک لە روخسارە جوانەکانی دامەزراوەکانە.
چوارەم: بیركردنهوهى بهردهوام له كارهكه
جۆرێک لە گوڵ و گوڵزار هەیە ئەگەر دەستی لێبدەی بۆنی زیاترت دەداتێ.
بەتەواوی بیرکردنەوە و توانای مرۆڤ بەم شێوازەیە، دەبێت وابکەین وروژاندن بدەین بە مێشکی مرۆڤەکان و پرسیاری زۆر ورد و جوان لە کارمەندەکان بکەین تاوەکو تواناکانیان دەربخەن.
کاتێك قوتابیەک پرسیارێک دەکات لەمامۆستا زۆرجار بەڕای من خراپترین کار ئەوەیە کە مامۆستا وەڵامی بداتەوە. پێویستە پرسیاری وردتر و جوانتری لێبکرێت کە خۆی بەدوای وەڵامدا بگەڕێت و ئەمەیش بەنسبەت کارمەندیشەوە هەروەهایە.
دەبێت بەردەوام لەڕێگەی پرسیاری جدی لەسەر کارەکانی کارێک بکەین کە بەردەوام مێشکی کراوە بێت و لە بیرکردنەوەدا بێت بۆ کارەکانی.
پێنجەم: مامهڵهكردن لهگهڵ جێگیر نهبونى دۆخی دامهزراوه
هەندێک دامەزراوە هەیە کارمەند تیایدا جێگیرنابێت و بەردەوام کارمەند دەردەکات و کارمەندی تر جێگەی دەگرێتەوە. بەمشێوەیش ئەو دامەزراوە ناتوانێت ئەو دیدگا باشەی کە هەیەتی بەرجەستەی بکات لە تواناکانی مرۆیەکەیدا.
بەڕای من میكانیكی "فیتەر" ئەگەر ئۆتۆمبیلهى خراپ بو نایفرۆشێت، بەڵکو دەچێت چاکی دەکاتەوە. بەڵام کەسێک کە هیچ لە ئۆتۆمبیل نازانێ لەیەکەم کێشە کە بۆ ئۆتۆمبیلهكهى دروست دەبێت دەچێت دەیفرشێت.
کەوابێت ئەوە منم کە لەتواناکانی مرۆڤ تێناگەم و لەیەکەم هەڵەیانەوە بەڕێیان دەکەم. دەبێ ئێمە بەڕاستی پڕۆسەی چاکسازی لەناو دامەزراوەکانماندا هەبێت بۆ ئەوەی دامەزراوەکانمان لەنگەربگرن، توانای کارمەندەکانیش لەشوێنێک کە لەنگەری گرتوە وردە وردە زیاد دەکات، تا دەگاتە ئەو ئاست و شوێنەی كە ئێمە دەمانەوێ.
شەشەم: بایهخى ستاف
بەبایەخ ترین رەگەزی ناو دامەزراوەیەك بریتیە لە ستافەکەی، لەهەمان کاتیشدا مەترسیدارترین هەر ئەوانن. ستراتیجی توانایی مرۆیی ناو دامەزراوەکە وادەکات تا رزگارمان بێت لەو کێشەیە بەوەی کە:
۱. چۆن توانا مرۆیەکان بەدەست دەهێنین، پرۆسەیەکی زۆر گرنگە ئەگەر نەزانین چۆن ئیدارە بکەین، دڵنیابە کۆمەڵێك کەسی تەمەڵ لەدەوروبەری خۆمان کۆدەکەینەوە. کەدوای دەبنە بەڵا و گرفتێکی گەورە بۆ دامەزراوەکەمان.
۲. ئەگەر کەسێک یان تیمێکت هێنا کە زۆر زیرەك بون گرنگ ئەوەیە کە بزانین چۆن سودیان لێوەردهگرین، لەبەر ئەوەی لەهەندێک شوێندا یاریزانی زۆر باشت هەیە، بەڵام راهێنەرهكهی باش نیە و ناتوانێت سودیان لێوەرگرێت و دواتر دەبن بە بەڵا بۆ دامەزراوەکە.
۳. چۆن بتوانین پەرە بە توانایان بدەین بۆ ئەوەی لەگەڵ ستراتیژی دامەزراوەکەمان بگونجێن.
٤. چۆن ئەم توانا مرۆیانە دەهێڵیتەوە و دەیانپارێزین کە دەبێ ژینگەیەکی وەهای بۆ بڕەخسێنیت کەوا هەست بەدڵخۆشی بکەن حەزبکەن بەمانەوە لە دامەزراوەکە.
حەوتەم: پاداشت
زۆرجار وادەزانین پاداشتکردنی کارمەندەکان کارێکی زۆرباش و لەپێشینەیە و وا لە کارمەندە دەکات چالاكیەكی زیاتری هەبێت بۆ کارەکەی، بهڵام بەڕای من پاداشتکردنی کارمەند خاڵی چوارەمە و دهبێت:
۱. دەبێت کارمەندەکانت بەجوانی بناسی.
۲. دەبێت ژینگەیەکی تەندروست بۆ پەرەسەند و بەرەوپێشچونی بۆ کارەکانی دروست بکەین. من دەڵێم مرۆڤەکان ڕازین بۆ ئەمە پارەیش بدەن.
۳. پێویستە کارمەند بەڕونی بزانێت چی بەسەر کارەکەی و داهاتویدا دێت و دامەزراوە ئەوان بۆ کوێ دەبات؟
٤. لەکۆتایی پاداشت گرنگە بۆ کارمەند.
هەشتەم: ئەو پێنج خاڵەی كەوا لە كارمەندی دامەزراوەیەک دەكات وردە وردە ناچالاک بێت
۱. موچەی کارمەند و ئەو کارەی دەیکات یەکسان نیە. واتا کارمەند هەست بکات کە ئەو موچەی وەریدەگرێت یەکسان نەبێت بەو ئەرک و بەرپرسیاریەتیەی کە لەسەریەتی.
۲. کارمەند واهەست بکات کە نابینێرت و (رێز، پشکەوتن و پاداشت) لەشێوەی "نەختینەیی، قسەکردن، یان بەشێوەی دیاریی" پێی نابەخشرێت كە ئەمەیش لە مەودایەکی درێژ دەبێتە هۆکاری ناچالاکی کارمەند.
۳. هۆکارەکانی بەرەوپێشچونی کارمەند گرنگی پێنەدرێت.
٤. بونی بەڕێوەبەری ناکارامە کە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ ئەو رستە جوانەی کە دەڵێت: "مرۆڤەکان بەڕێوەبەری خراپ بەجێ دەهێڵن نەک شوێنی کارەکانیان"، بۆیه زۆر گرنگە بۆ بەشەكان بەڕێوەبەری باش هەڵبژێرن.
٥. شوێنی کاری ژەهراوی و خراپی کولتوری رێکخراوەیی کەوا لەمرۆڤەکان دەکات لەماوەیەی درێژ بێ ئامانج بکات.
نۆیەم: ئەڵماسی راستهقینه کارمەندە به ئهزمونهكانن
ئێمە لە دامەزراوەكەمان کارمەندێکی زۆری دێرین و به ئهزمونمان هەیە، بەڵام بەردەوام ئەرکی سەرەکیمان بوە بە هێنانی کارمەندی نوێ و گرنگیدان بە کارمەندی نوێ، لەکاتێک ئەڵماسی راستهقینه کارمەندە به ئهزمونهكانن، تەنها گرنگ ئەوەیە:
١. نەختێک گرنکیان پێبدەین.
۲. نەختێک زیاتر یارمەتیان بدەین بۆ ئیشوکارەکانیان.
۳. نەخەتێک زیاتر فێریان بکەین.
ئەوکات ئەو ئەڵماسە راستیە دەدۆزینەوە. بۆیە پێویست ناکات هێندە زۆر کات بۆ هێنانی کارمەندەی نوێ دابنێین.
دەیەم: خول و راهێنان
پێویستە ساڵانە کەسی یەکەم و دوەم و سێیەمی بەشەکانی دەمەزراوەکان، خول و پێشانگا ... هتد ببین و گرنگە دامەزراوە هەستێت بە لەئەستۆگرتنی ئەم ئەرکە.
یازدەیەم: ستاف ئینجا كڕیار
کاتێک کە کڕیار پێدەکەنێت کە دەنگی پێکەنینی ستافی ئەو دامەزراوەی گوێ لێبێت کە سەردانی دەکات (خۆشحاڵی و ئاسودەییان ببینێت و هەستی پێبکات).
ریستۆرانتی ئەمریکی "چیک فلەی"، فرۆشی لە ئەمریکا لە رێژەی فرۆشی "ماکدۆناڵ" زیاتربو. تەنها و تەنها لەبەر ئەوەی گرنگی زیاتری بەستافەکەی خۆی دەدا تاوەکو کڕیارەکانی، ئهویش به گرتنهبهرى ئهم رێگایانه:
۱. لە جێگەی ئەوەی خزمەتگوزاری باشتر بدات بە کڕیار، دای بە ستافەکەی خۆی.
۲. موچەی گونجاوی دا بە کارمەندەکانی.
۳. رۆژانی یەكشەممە کە رۆژی پشوی ڕیستۆرانتەکەی ئەوانە و رۆژێکی قەرەباڵغە بۆ ئیشکردن، ریستۆرانتەکەی ئەوان بە داخراویی دەمایەوە.
٤. ئەکادیمای فێرکاری دانا بۆ ستافەکەی.
بۆ ئەو پڕۆژانەی کە سیستەمسازی سەرچاوەی مرۆییەکان ئەنجام دەدەن، بەدڵنیاییەوە فرۆشت زیاد دەکات، داهاتت زیاد دەکات، لەبەر ئەوەی هەرچەند گرنگی زیاتر بدەی بە ستافەکەت و کارمەندی شیاو هەڵبژێریت، لەکۆتاییدا فرۆش و داهاتت زیاد دەکات.
دوازدهیهم: كارامهیی بهڕێوبهر و ستاف
هەر بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیارێک بەهێز و کارامەنەبێت، شیاوی ستافی بەهێز و لێهاتو نیە.
ئەگەر بەڕێوەبەرێک وتی ستافەکەم بەکەڵ نایەت و لاوازن، ئەوە بەشێکی هەرەزۆری دەگەڕێتەوە بۆ خۆی.
بەڕای من بەڕێوەبەرێک کە خۆی نمرەی هەڵسەنگاندن بکەی بۆی لە ١-١٠ نمرەی ٦ بێت، شایەنی ئەوەنیە کارمهندی نمرەی ۷ و ٨ـی بۆ دامەزرێنیت. بۆیە ئێمە ئەگەر بەڕێوەبەرێک یان سەرپەرشتیارێک دادەنێین، بابزانین نمرەی چەندە؟ لەبەر ئەوەی ئەگەر نمرەی ٥ بێت ئەوا کارمەندی ۳ و ٤ هەڵدەبژێرێت، بەڵام ئەو کەسەی نمرەی ۹ و ۱۰ـى ههبێت، ئهوا هەر كارمەندی نمرە ۹ و ۱۰ هەڵدەبژێرێت.
سیازدەیەم: ئەرک و بەرپرسیارێتی
بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیار پێویستە یان ئەرك و بەرپرسیارێتیان پێنەدەین یاخود پێماندا متمانەیان پێبکەین.
کار و ناونیشانمان دا بە هەرکەسێک دەبێت بەشێک لە بڕیاردانیشی لابێت. ئەمەیش مانای ئەوەناگەیەنێت کە بهدواداچون بۆ ئیشوکارەکانیان نەکرێت.
چواردەیەم: قۆناغی تاقیكردنهوه
کاتێک کەسێکی نوێ دادەمەزرێنین پێویستە تەواوی کاتی ئیشکردنی تا ماوەیەک لەژێر چاودێریی و فێرکاریی بێت.
زۆرجار کەسێکی نوێ دێتە ناو دامەزراوەکانمان هەر لەبەر دەرگاکە یەکەم کەس دەیبینێت دەڵێت: ئێرە بەکەڵ نایەت، رێزی کەس ناگرن، موچەیان کەمە، لێبڕین هەیە، پاداشت نیە.
بۆیە دەبێت هەر یەکەم رۆژی هاتنی كارمەندە نوێ بۆ دەوام کەمترین پەیوەندی دروست بکات و ئاگامان لێی بێت و کەسێک کە زۆر متمانەمان پێیەتی لەگەڵی بێت تاوەکو بەجوانی فێردەبێت و ئاشنای ئیشەکان دەبێت.
پازدەیەم: گوێگرتن
هەندێک کارمەند هەیە زۆرجار مۆڵەت داوا دەکات لەچاو كارمەندەكانی تر، یاخود زۆرجار لەکاتی هاتن بۆ سەر کارەکەی دوا دەکەوێت، پێویستە دانیشین و گوێمان لێی بێت لەوانەیە کێشەیەکی هەبێت یاخود گرفتارییەکی هەبێت کە بتوانین بۆی چارەسەر بکەین.
گوێگرتنمان و كاتدانانمان بۆ ستافەكەمان، هۆكارێكی گرنگە بۆ ستافی دامەزراوەیەك كە یەك دڵ و یەك ئامانج بن.