د. عهبدولموتهڵب رهفعهت سهرحهت
لە ناوەڕاستى ساڵى رابردودا دەزگاى کەشناسی جیهانیی (WMO) راپۆرتێکى تێروتەسەلی لە سەر دۆخى کەشوهەوا و پێشبینیەکانى بۆ داهاتوى گۆى زەوى بڵاوکردەوە و ئاماژەى زۆر مەترسیدارى تیدابو لە سەر دۆخى گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا و بەرزبونەوەى پلەکانى گەرمى. تێیدا ئاماژەى بەوەکرد کە ساڵى ٢٠٢٣ گەرمترین ساڵ بوە بە بەراورد لە گەڵ ماوەکانى پێش شۆڕشی پیشەسازى.
پلەکانى گەرمى لە ساڵى ٢٠٢٣ نزیکەى (١,٤٥±٠,١٢) پلەى سەدى بەرزبوەتەوە، واتا لە زۆرێک لە ناوچەکانى جیهان بەرزبونەوەى پلەى گەرمى گەشتوەتە زیاتر لە (١,٥) پلەى سەدى کە ئەو پلەیەیە یا ئەو هێڵەیە کە لە (رێککەوتتنامەى پاریس بۆ گۆڕانى کەشوهەوا) واژوى لەسەر کراوە و هەمو وڵاتانى جیهان خۆیانیان بە رێکارەکانى پاراستنى و تێنەپەڕاندنى ئەو هێڵە پابەندکردوە.
دەزگاى کەشناسى جیهانى لەو راپۆرتەدا پێشبینى کردبو کە لە نێوان ساڵى ٢٠٢٤ تاوەکو ٢٠٢٨ بەلانى کەمەوە یەک ساڵیان گەرمتر دەبێت لە ساڵى ٢٠٢٣ و دیاردە توندەکانى کەشوهەوا لەو چوار ساڵە زیاتر رودەدەن و پێشبینى ئەوەشیان کردبوە کە گوڕانکارییەکان لە کۆى سیستەمى ژینگە بەردەوامیان هەیە و دیاردەکانى وشکى و لافاو و گەردەلول و سوتاندنى دارستانەکان و ...هتد، زیاتر دەردەکەون.
لەم رۆژانە هەممان دەزگاى کەشناسی جیهانی (WMO) و دەزگاى (کۆپەرنیکۆس)ـى ئەوروپی بەجیا دو راپۆرتى تایبەتیان بە کەشوهەوا و پلەکانى گەرما لە ساڵى ٢٠٢٤ بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە کە تێکڕای ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ ئاستى گەرمبونی (١,٥) پلەی سەدیی تێپەڕاندوە. تێکڕای پلەی گەرمیی هەسارەى زەوى لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا (١.٦) پلەی سەدی بەرزتر بوە بە بەراورد لە گەڵ ماوەی پێش شۆڕشی پیشەسازی (١٨٥٠-١٩٠٠)، پێش ئەوەی بەکارهێنانی چڕی خەڵوز و نەوت و گازی بەردینی گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە کەشوهەوادا بکات. ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەرزبونەوەی بەردەوامی پلەکانی گەرما کە لە مێژوی نوێدا وێنەی نەبوە. بەپێى ئەو راپۆرتانە هەمو ساڵێک لە دەیەی رابردو لە نێوان (٢٠١٥-٢٠٢٤) یەکێک بوە لە دە گەرمترین ساڵە تۆمارکراوەکان.
وەک چاوەڕوان دەکرا و پشتڕاستکرایەوە ساڵی ٢٠٢٤ گەرمترین ساڵ بوە لەو کاتەوەی کە داتا و ئامارەکان تۆمارکراون کە لە ساڵی ١٨٥٠ـهوه دەستیپێکردوە. لە پشت ئەم ژمارانەوە زنجیرەیەک کارەسات هەیە کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا رویداوە و بەرەو خراپتر دەچێت، وەکو: لافاوە مێژوییەکەى رۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەفریقای و زریانی ئەمریکا و کاریبی، لە ئێستاشدا ئاگرەکان کاریگەریی زۆر خراپیان لە سەر لۆس ئەنجلۆس دروستکردوە کە بە وێرانکەرترین ئاگرکەوتنەوەکان هەژمار دەکرێت لە مێژوی کالیفۆرنیادا. جگە لەوەى لە مانگی حوزەیرانی ساڵى رابردودا لە شاری مەککە هەزار و ٣٠٠ کەس بەهۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرما لە وەرزی حەجدا گیانیان لەدەستداوە.
بەپێى ئەو داتایانەى لەو راپۆرتانە بڵاوکراوەتەوە، هەمو مانگێک لە ساڵی ٢٠٢٤ گەرمترین یان دوەم گەرمترین مانگ بوە لەوەتەی تۆمارەکانی پلەی گەرما دەستیپێکردوە. زەریاکان ٩٠%ـی ئەو گەرما زیادەیە هەڵدەمژن کە بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە دروست دەبێت، بۆیە بە بەردەوامى زەریاکان لە گەرمبوندان و تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانەی روی زەریاکان (بەدەر لە ناوچە جەمسەرییەکان)، گەیشتوەتە ئاستێکی بێ وێنە کە (٢٠,٨٧) پلەى سەدی بوە، بە ئەمەش ژمارەی پێوانەیی ساڵی ٢٠٢٣ـی تێپەڕاندوە. جگە لە کاریگەریی ڕاستەوخۆی شەپۆلی گەرمای دەریایی لەسەر زیندەوەرەکان، گەرمبونی هەمیشەیی زەریاکان کاریگەری لەسەر رەوتی زەریاکان و هەوا دەبێت.
دەریاکان چەند گەرمتربن ئەوە زیاتر هەڵمی ئاو دەدەنە بەرگەهەوا، ئەمەش وزەی زیاتر بۆ گەردەلول و زریانەکان دابین دەکات. دەزگاى کۆپەرنیکۆس ئاماژە بەوە دەکات کە ئاستی هەڵمی ئاو لە بەرگەهەواوە لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی، نزیکەی ٥%ـى تێکڕای خۆی بۆ ماوەی ساڵانی ١٩٩١-٢٠٢٠ تێپەڕاندوە. ساڵی رابردو کۆتایی هاتنی دیاردەی سروشتی (ئێل نینۆ) بو، کە دەبێتە هۆی گەرمبونەوە و توندبونەوەی هەندێک دیاردەی توندى کەشوهەوا، هەروەها گواستنەوە بەرەو بارودۆخی (بێلایەن) یان دیاردەی پێچەوانەی (لا نینا) بو. رێکخراوی کەشناسی جیهانی لە مانگی کانونی دوەمى ساڵى ٢٠٢٤ هۆشداریدا لەوەی دیاردەی لانینا (کورت و چڕییەکی کەم) دەبێت و بەس نابێت بۆ قەرەبوکردنەوەی کاریگەرییەکانی گەرمبونی جیهان.
ئەم هۆشدارییانەى ئەو دو دەزگایە لە کاتێکدایە کە داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە جیهان بە گۆڕانی کەشوهەوای بێ وێنەدا تێپەڕدەبێت لەگەڵ زیادبونی فرێکوێنسیی روداوە توندەکانی کەشوهەوا، وەک: شەپۆلی گەرما و لافاو و زریانەکان وسوتانى دارستانەکان. ئەمەش دەبێ ببێتە پاڵنەرێك بۆ دروستکردنى فشار لەسەر حکومەتەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکانیان بەمەبەستى روبەڕوبونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.
بەرزبونەوەی رێژەی دەردانی گاز گەرمکەرەوەکان ئەوە دەردەخات کە جیهان لەسەر رێگایە بۆ تێپەڕاندنى ئامانجەکانی رێککەوتنى پاریس، بەڵام هێشتا درەنگ نییە و کات هەیە بۆ ئەوەی هەنگاوی خێرا بگیرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمکەرەوەکان و دورکەوتنەوە لە بەرزبونەوەی کارەساتبار لە پلەکانی گەرما.
بۆیە ئەو دو دەزگایە ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرزبونەوەى پلەی گەرمی لە سەروی هێڵى (١,٥) پلەی سەدییەوە بەو مانایە نییە کە ئامانجەکانى پاریس بەدەست نەهێنرێت، بەڵکو بەو مانایەیە کە دەبێت لە پێشوتر زیاتر هەوڵ بدەین بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە سەر رێڕەوی ئاسایى. پلە گەرمییە سوتێنەرەکانى ساڵی ٢٠٢٤ـدا دەبێ هانمان بدات بۆ ئەوەى بەڵێنەکانمان لە رێکەوتنى پاریس بکەینە کردار لە ساڵی ٢٠٢٥ و ساڵانى داهاتو و هێشتا کاتمان ماوە بۆ دورکەوتنەوە لە خراپترین کارەساتەکانى کەشوهەوا، بەڵام سەرکردە و کاربەدەستان دەبێت لە ئێستاوە هەنگاوى کردارى بنێن.
بەپێی دەزگاى کۆپەرنیکۆسی ئەوروپی پێشبینی ناکرێت کە ساڵی ٢٠٢٥ ساڵێکی پێوانەیی بێت بۆ بەرزبونەوەى پلەى گەرمى، بەڵام هۆشداری داوە کە ئەمساڵ یەکێک دەبێت لە سێ گەرمترین ساڵەکان کە تۆمارکراون. راپۆرتەکان بەو ئەنجامە گەیشتون کە ساڵی ٢٠٢٤ خاڵی وەرچەرخانە لە مێژوی کەشوهەوادا، چونکە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا زیاتر لە جاران دەرکەوتون، ئەمەش پێویستی بە کردەوەی بەپەلەی جیهانی هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم ئالەنگارییانە.