رادیۆی ده‌نگ
دواى خانه‌نشینبونى شه‌هاب ئه‌حمه‌د، له‌ئێستادا پڕكردنه‌وه‌ى پۆستى قایمقامی قه‌زاى كه‌لار له‌به‌رده‌م 3 سیناریۆ دایه.
پۆستی قایمقامیه‌تى قه‌زاى كه‌لار یه‌كێكه له‌و (9) پۆسته‌ى كه له‌كاتى پێكهێنانى حكومه‌تى خۆجێی پارێزگاكانى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه له‌نێوان یه‌كێتى و گۆڕان و یه‌كگرتو و كۆمه‌ڵ، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له سنورى ئیداره‌ى گه‌رمیان وه‌ریگرت. له‌وكاته‌شه‌وه (2015) تائه‌مڕۆ ئه‌و پۆسته له‌لایه‌ن (شه‌هاب ئه‌حمه‌د)ـه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برا.
شه‌هاب ئه‌حمه‌د، له‌كۆتاییه‌كانى پێرار ساڵ ته‌مه‌نى گه‌یشت به واده‌ى خانه‌نشین بون، به‌ڵام به فه‌رمانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێم، پۆسته‌كه‌ى بۆ ماوه‌ى ساڵێك بۆ درێژكرایه‌وه. له كۆتاییه‌كانى پارساڵیش هه‌ر به فه‌رمانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێم فه‌رمانى خانه‌نشینبونى ده‌رچو و ئه‌مڕۆ به فه‌رمی ماڵئاوایی له فه‌رمانبه‌ر و به‌ڕێوبه‌رى فه‌رمانگه‌كانى سنوره‌كه كرد.
چۆڵبونى پۆستی قایمقامی كه‌لار، ململانێیه‌كى له‌نێوان گۆڕان و یه‌كێتیدا هێناوه‌ته ئاراوه، چونكه هه‌ردولا ئه‌م پۆسته‌یان ده‌وێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش سێ سیناریۆ له ئارادایه.
پێدانه‌وه‌ى پۆسته‌كه به گۆڕان
بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان چاوی له‌وه‌یه پۆستى قایمقامیه‌تى كه‌لار هه‌ر له‌لای خۆی بمێنێته‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش كاندیدێكى ئاماده‌ی هه‌یه كه دەتوانرێت دەستوبردانە دابنرێت و دانانیشی رۆتینێكى ئه‌وتۆی ئیداریی و یاسایی ناوێت، ئەویش دانا ئه‌حمه‌دـه.
ناوبراو له‌ئێستادا پۆستی به‌ڕێوبه‌رى ناحیه‌ى شێخ ته‌ویلـى سه‌ر به قه‌زاى كه‌لار له به‌ركه‌وته‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌ڕێوه‌ده‌بات، بۆیه به‌وپێیه‌ى خۆی پلەدارێکی میلاكی وه‌زاره‌تى ناوخۆیه، دانانى به قایمقامى كه‌لار کە لە قۆناغی سەرەتادا پۆستەکە وەکالەتە، پێویستی بە رۆتینێکی ئه‌وتۆی ئیداریی و یاسایی نابێت.
به‌ڵام ئه‌وه‌ى ته‌گه‌ره‌یه له‌به‌رده‌م ئه‌م بژارده‌یه‌دا، یه‌كێتی نیشتمانییه.
وه‌رگرتنه‌وه‌ى پۆسته‌كه له‌لایه‌ن یه‌كێتى
پێش ئه‌وه‌ى به گۆڕان بدرێت، پۆستى قایمقامی قه‌زاى كه‌لار له‌لای یه‌كێتى نیشتمانى بو، ئێستا دواى 10 ساڵ ئه‌و حزبه چاوی له وه‌رگرتنه‌وه‌یه‌تى.
ئه‌وه‌ى یه‌كێتى هاندەدات بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ى ئه‌و پۆسته، لاوازبونى پێگه‌ى گۆڕانه، چونكه بزوتنه‌وه‌كه له هه‌ڵبژاردنى پارله‌مانى كوردستاندا ته‌نها یه‌ك كورسی به‌ده‌ستهێنا و به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاویش پێگه‌ى جه‌ماوه‌ریی و حزبیی دابه‌زیوه.
له‌ناو یه‌كێتى دا تائێستا بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ى ئه‌و پۆسته له گۆڕان نه‌دراوه، هه‌ربۆیه یه‌كێتى كاندیدی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته یه‌كلا نه‌كردوه‌ته‌وه، كه بێگومان له‌حاڵه‌تى یه‌كلاكردنه‌وه‌ى ئه‌م ویسته، ململانێیه‌كى زۆر له‌نێو كادیر و لایه‌نگرانى ئه‌و حزبه بۆ وه‌رگرتنى پۆسته‌كه دێته ئاراوه.
رەنگە بۆ دوربون لەم کێشمەکێشەش، سەرەتا یەکێتی پۆستەکە بە وەکالەت بە بەرپرسێکی خۆی پڕبکاتەوە.
ئه‌وه‌ى یه‌كلاكراوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌یه كه یه‌كێتى هێشتا بڕیارێكى رون و یەکلاکەرەوەی له‌باره‌ى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ گۆڕان نه‌داوه، به‌ڵكو ئه‌و پرسه‌ى هێشتوه‌ته‌وه بۆ دواى پێكهێنانى كابینه‌ى ده‌یه‌مى حكومه‌تى هه‌رێم، ره‌نگه نه‌شیه‌وێت له‌ئێستادا كه نازانرێت روكارى داهاتوى كابینه‌ى حكومه‌ت چی و چۆن ده‌بێت، نێوانى له‌سه‌ر پۆسته خۆجێییه‌كان له‌گه‌ڵ گۆڕاندا تێكبدات.
ئه‌م به حه‌زه‌ر مامه‌ڵه‌كردنه‌ش ره‌نگه سه‌ربكێشێت بۆ گرتنه‌به‌رى سیناریۆی سێیه‌م.
به‌ڕێوه‌بردنى پۆسته‌كه به وه‌كاله‌ت
دواى ده‌ستله‌كارترازانى شه‌هاب ئه‌حمه‌د، بڕیاره پۆستی قایمقامی كه‌لار به‌شێوه‌ى وه‌كاله‌ت له‌لایه‌ن یه‌كێك له جێگره‌كانى سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ى گه‌رمیانه‌وه به‌ڕێوه‌ببرێت.
به‌پێی زانیارییه‌كانى رادیۆی ده‌نگ، به‌وپێیه‌ى پۆستى قایمقامی كه‌لار به‌تاڵ ده‌بێت، پێویست ده‌كات یه‌كێك به‌شێوه‌ى وه‌كاله‌ت پۆسته‌كه پڕ بكاته‌وه هه‌تا دانانى كه‌سێك به‌هه‌میشه‌یی، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌و ئه‌ركه سپێردراوه به جێگری سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ى گه‌رمیان بۆ كاروباری كارگێڕی- عارف عادل.
پێدانى پۆستى قایمقامی كه‌لار به‌وه‌كاله‌ت به عارف عادل كه له به‌ركه‌وته‌ى یه‌كێتییه، له‌كاتێكدایه كه سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ى گه‌رمیان جێگرێكى دیكه‌ى هه‌یه (رامیار عه‌بدولڕه‌حمان) كه له به‌ركه‌وته‌ى گۆڕانه، بۆیه پێده‌چێت دیارییكردنى عارف عادل ئاماژه‌یه‌ك بێت بۆ ویستی یه‌كێتى به‌مه‌به‌ستى گلدانه‌وه‌ى پۆستی قایمقامی كه‌لار له‌لای خۆی، جا چ به وه‌كاله‌ت بێت یان بە هه‌میشه‌یی.