رادیۆی دەنگ- محەمەد مەحمود
کارگە خۆراکییەکانی سنوری ناوچەی پیشەسازیی کەلار دەڵێن: دوکەڵی سوتاندنی تایە لەپێناو تەلەکەیدا، مەترسی لەسەر کارەکانمان دروستکردوە، فەرمانگەی ژینگە جەخت لە مەترسییەکە دەکاتەوە، پۆلیسی شارەوانییەکانیش دەڵێت بەدەستی شارەوانییە، شارەوانیش بێوەڵامە.
بنهڕهتى كێشهكه
محەمەد ئەحمەد، نوێنەری کارگە خۆراکییەکانی ناوچەی پیشەسازی کەلار، بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: ئێمە ۱۳ کارگەی مادە خۆراکییەکانین لە ناوچەی پیشەسازیی کەلار، ساڵی پار داواکارییەکمان پێشکەش بە قایمقامیەتی قەزای کرد کە لە نزیک کارگەکانی ئێمە کۆمەڵێک خەڵک بە رێگەپێدانێک هاتون پارچەزەوییەکیان پێدراوە و ئیشی سوتاندنی تایە و مەوادی دیکە دەکەن بۆ ئەوەی سود لە ئاسن و مسەکەی وەرگرن.
وتیشی: ئەم کارە لەلایەک بوەتە هۆی پیسکردنی زیاتری ژینگە و هەوای ناوچەی پیشەسازی و شاری کەلار و دەوروبەری، هەروەها دیمەنێکی ناشرینی بەخشیوە بە ناوچەکە، ئەمە سەرباری ئەوەی ئێمە کارگەی خۆراکمان هەیە و خراپە شوێنی وەها لەنزیکی بەرهەمەکانمان بێت و دەبێتە هۆی پیسبونی بەرهەمەکانی کارگەکانمان.
دەشڵێت: ئێمە داواکارییەکمان پێشکەشی قایمقامییەتی قەزای کەلار کرد و ئەوانیش نوسراویان کرد بۆ پۆلیسی شارەوانییەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە و پۆلیسی شارەوانییەکان هیچ ئیجرائاتێکی نەکرد.
بەوتەی محەمەد ئەحمەد، فەرمانگەکان چ ژینگە و چ قایمقامیەت و شارەوانییش، هیچ ئیجرائاتێکی دڵخۆشکەریان نەبوە تاوەکو ئێستا.
"كێشهكه بڕیارێكى شارهوانی كهلارە"
لەبەرامبەردا بەڕێوبەری پۆلیسی شارەوانییەکان باس لەوەدەکات ئەوان لێپێچینەوەیان کردوە، بەڵام کێشەکە بڕیارێکی شارەوانییە.
مقەدەم: کامەران جاسم، لێپرسراوی پۆلیسی شارەوانییەکان لە گەرمیان، بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: مەفرەزەکانمان چەند جارێک رۆشتونەتە سەریان و ئاگادار کراونەتەوە و چەند جارێکیش بەڵێننامەشیان لێوەرگیراوە بۆ ئەوەی جارێکی تر ئەو کەرەستانە لەوێ نەسوتێنن.
وتیشی: بەڵام پێشتر شوێنەکە لەلایەن شارەوانییەوە پێیان دراوە، ئێستا شارەوانی دیراسەی ئەوە دەکات شوێنێکی دیکەیان بۆ بدۆزێتەوە و ئەو کەسانە بگوازێتەوە.
دەقی سکاڵایەکی خاوەن کارگەکانی خۆراک و نوسراوێکی قایمقامیەتی کەلار لەبارەی کێشەکەوە
"بهردهوامیى حاڵهتهكه مهترسیداره"
لایخۆشییەوە، بەڕێوبەری فەرمانگەی ژینگەی گەرمیان، جەختی لە زیان و مەترسی حاڵەتەکە کردەوە.
د.دورەید سەلیم، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: سوتاندنی تایەو یان هەر مادەیەکی تر مهترسیداره و زیانی هەیە بۆ کارگە خۆراکییەکان و پێویستە جێگایەکی گونجاو بۆ ئەو پیشهوهرانه دابین بکرێت.
وتیشی: گرفتەکە لای شارەوانی کەلارە و پێویستە شوێن بۆ ئەوکەسانە دابین بکات، چونکە هەردولا کاسبن و لە گرفتی نەبونی شوێنی بەدیلدا لەوێدا ماونەتەوە.
شارهوانى كهلار بێ وهڵامه
بۆ وەرگرتنی قسەی ئەوان، رادیۆی دەنگ بۆ بەدواداچونی زیاتر پەیوەندی بە سەرۆکی شارەوانی قەزای کەلار و چەند بەرپرسێکی تری شارەوانییەکە کرد، بەڵام پەیوەندییەکانیان بێ وەڵام بون.