ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
زانكۆی گه‌رمیان داواده‌كات حكومه‌تى عێراق به‌جیا دان به‌ كۆلێژه‌كانى كه‌لاردا بنێت

2024/12/30 - 12:27 | 4835 جار بینراوە    
 
ده‌نگ نێت
 
زانكۆی گه‌رمیان داواده‌كات هه‌تا یه‌كلایی بونه‌وه‌ى دۆسیه‌ى داننان به‌ كۆی زانكۆكه‌، له‌سه‌ره‌تادا وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاى عێراقی دان به‌و كۆلێژانه‌دا بنێت كه‌ له‌ سنورى قه‌زاى كه‌لارن.
 
زانكۆی گه‌رمیان ئه‌گه‌رچی له‌ ساڵی 2010ـه‌وه‌ دروستكراوه‌، به‌ڵام تائێستا له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵای عێراقه‌وه‌ دانى پێدانه‌نراوه‌، به‌وهۆیه‌ى زانكۆكه‌ كه‌ خۆی باره‌گای سه‌ره‌كیی له‌ پارێزگاى سلێمانییه‌، كه‌چى له‌ پارێزگاى دیاله‌ش "قه‌زاى خانه‌قین" كۆلێژى هه‌یه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌نایاسایی هه‌ژمار ده‌كرێت له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌ عێراقیه‌كه‌وه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ دانى به‌ زانكۆكه‌دا نه‌ناوه‌.
 
پێشتر رادیۆی ده‌نگ له‌ راپۆرتێكیدا ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه‌ ژماره‌یه‌ك سیناریۆ هه‌ن بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى داننان به‌ زانكۆكه‌، یه‌كه‌میان داننان به‌ كۆی زانكۆكه‌ وه‌كو خۆی، ده‌ه‌میان جیاكردنه‌وه‌ى كۆلێژه‌كانى خانه‌قین و كردنى به‌ زانكۆیه‌كى جیاواز و سێیه‌میان هێشتنه‌وه‌ى پرسه‌كه‌یه‌ وه‌كوخۆی. به‌ڵام له‌ئێستادا سیناریۆیه‌كى تر بۆ پرسه‌كه‌ سه‌ربار بوه‌، ئه‌ویش داننانی رێژه‌ییه‌ به‌ زانكۆكه‌، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا دان به‌و كۆلێژانه‌دا بنێت كه‌ له‌ سنورى قه‌زاى كه‌لار دان.
 
به‌پێی نوسراوێك كه‌ ده‌ست رادیۆی ده‌نگ كه‌وتوه‌، سه‌رۆكایه‌تى زانكۆی گه‌رمیان له‌ رێكه‌وتى (14/11/2024) نوسراوێكى بۆ وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵای عێراقی كردوه‌، تیایدا داواى كردوه‌ كه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ دان به‌و كۆلێژانه‌دا بنێت كه‌ له‌ سنورى قه‌زاى كه‌لاردان و ده‌ستبه‌ردار ده‌بێت "تنازل ده‌كات" له‌ داننان به‌ كۆلێژه‌كانى سنورى قه‌زاى خانه‌قین هه‌تا كاتى یه‌كلابونه‌وه‌یان.
 
له‌دواى ئه‌م نوسراوه‌ى زانكۆی گه‌رمیان، وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵای عێراقی نوسراوێكى ئاراسته‌ى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵای هه‌رێم كردوه‌ و تیایدا داواى رایان ده‌كات له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی ئه‌م نوسراوه‌ى زانكۆی گه‌رمیان.
 
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست رادیۆی ده‌نگ كه‌وتون، به‌رپرسانى یه‌كێتى نیشتمانى كه‌ زانكۆكه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنورى قه‌ڵه‌مڕه‌ویی ئه‌وانه‌وه‌، بێهیوابون له‌ داننان به‌ زانكۆی گه‌رمیان به‌مشێوه‌یه‌ى ئێستا هه‌یه‌، بۆیه‌ بڕیاریانداوه‌ كۆلێژه‌كانى زانكۆكه‌ له‌ خانه‌قین كه‌ ژماره‌یان سێ كۆلێژه‌، جیابكه‌نه‌وه‌ و بیكه‌ن به‌ زانكۆیه‌كى سه‌ربه‌خۆ له‌ خانه‌قین كه‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵای عێراقی بێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌ماوه‌كانى رابردودا چه‌ندین لیژنه‌ى تایبه‌تمه‌ند له‌سه‌ر ئاستى وه‌زاره‌ت و زانكۆی دیاله‌ و قایمقامیه‌تى خانه‌قین پێكهاتن.
 
هه‌ربه‌پێی زانیارییه‌كان، بڕیاردان له‌ كردنه‌وه‌ى زانكۆی خانه‌قین، رۆتینی زۆره‌ و كاتى ده‌وێت، له‌پاڵ ئه‌وه‌دا زانكۆی گه‌رمیان ده‌یه‌وێت ره‌زامه‌ندیی داننان به‌ كۆلێژه‌كانى له‌ كه‌لار به‌ده‌ستبێنێت، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌شێوه‌یه‌كى خۆكرد ده‌بێته‌ داننان به‌ زانكۆكه‌ له‌حاڵه‌تى جیاكردنه‌وه‌ى كۆلێژه‌كانى خانه‌قین و كردنیان به‌ زانكۆیه‌كى سه‌ربه‌خۆ.
 



Dengnet.net - 2025
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,393,822     ژمارەی میوان 3456