دەنگ نێت
لە بانکی گەرمیان لە ٣ رۆژی رابردودا زۆرێک لەو پارانەی بۆ موچە دابەشکرابون، لە جۆری تاک هەزار دیناریی بون؛ سەرچاوەیەکیش دەڵێت: هەرچی پارەی تاک هەزاریی هەیە لە گەرمیان ساغ دەکرێتەوە و دابەش ناکرێت بەسەر ناوچەکانی تردا.
بەپێی ئەو زانیاری و وێنانەی ئەمڕۆ دەست رادیۆی دەنگ کەوتون، بەشێکی زۆری موچەی موچەخۆرانی ئەمڕۆی سنوری گەرمیان بە تاک هەزاریی دابەشکراوە.
بەپێی بەدواداچونەکانی رادیۆی دەنگ، موچەی مانگانە لە دو سەرچاوەوە دەگات بە گەرمیان، یەکەمیان داهاتی ناوخۆیە کە زۆرینەی هی دەروازەی پەروێزخانە، دوەمیشان ئەو پارەیەیە کە بانکی ناوەندی هەرێم/ سلێمانی دەینێرێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویست ناوی بهێنرێت، لەوبارەوە بە رادیۆی دەنگی وت: داهاتی ناوخۆی گەرمیان زۆرینەی رەهای هی دەروازەی پەروێزخانە.
رونیشیکردەوە: مانگانە فەرمانگەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان جگە لە ئاسایش و پێشمەرگە پێویستیان بە (٢٦) ملیار دینار هەیە بۆ دابەشکردنی موچە، لەو رێژەیە بەشی زۆری لە داهاتی ناوخۆ دەدرێت و هەرچەندیشی بمێنێتەوە لە بانکی ناوەندی هەرێمەوە تەواو "تکمیلة" دەکرێت.
بەوتەی سەرچاوەکە، ماوەیەکە بەشێکی زۆری پارەی داهاتی دەروازەی پەروێزخان، تاک هەزارییە، ئەم تاک هەزاریانەش لەبری ئەوەی دابەش بکرێن بەسەر هەمو بانکەکانی سنوری سلێمانی یان هەرێم، کەچی تەنها رەوانەی بانکی گەرمیان دەکرێت، هەر بۆیەشە بەشێکی زۆری جۆری پارە "فئة"ـی موچە دابەشکراوەکانی بانکەکە تاک هەزارییە.
وتیشی: سەرباری ئەوەی بانکەکە زۆرینەی داهاتەکەی بە تاک هەزارییە، لەو پارەیەشی کە بانکی ناوەندیی هەرێم بۆی دەنێرێت ئەویش بەهەمانشێوە بەشێکی تاک هەزارییە.
لەبارەی هۆکاری زۆریی تاک هەزاریی لە داهاتی دەروازەی پەروێزخان، سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن بەشێک لە بازرگانەکان تاک هەزاریی دەدەنە پارەی گومرک و رەسم و باجەکانی دەروازەکە، بەوهۆیەی بە هەرزانتر دەکەوێت کاتێک لەبەرامبەر دۆلاردا لەبازاڕدا بۆیان دەشکێنرێتەوە، هەروەک گومانی دیکەش لەئارادایە کە تائێستا یەکلا نەبوەتەوە.
بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە، بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکە، دەبێت ئەو داهاتەی دەروازەی پەروێزخان کە بە تاک هەزارییە، بەسەر هەمو بانکەکانی دیکەی سنوری سلێمانیدا دابەش بکرێت، نەک ئەوەی هەموی بەر بانکی گەرمیان بکەوێت.