دەنگ نێت
دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی کەرکوک/ گەرمیان، بڕیارێکی دادگای بەرایی کەلاری هەڵوەشاندەوە کە لە بەرژەوەندیی بەشدارانی پرۆژەی نیشتەجێبونی لانە سیتی بو لە کەلار.
رۆژی (٢٦ـی تشرینی دوەمی ٢٠٢٣)، دادوەری دادگای بەرایی کەلار دادوەر: (گۆران عەلی محەمەد)
داوایەکی کۆمپانیای روناکی شارـی جێبەجێکاری پرۆژەی نیشتەجێبونی لانە سیتی لە کەلار رەدکردوەتەوە بۆ ناچارکردنی بەشداربویەکی پرۆژەکە بە پێدانی قیستەکانی، ئاماژەی بەوەشداوە کە کۆمپانیاکە هیچ بڕگەیەکی خزمەتگوزاریی لەنمونەی: قوتابخانە، باخچەی ساوایان، بنکەی تەندروستی، ناوەندی وەرزشیی و یەکەی چارەسەری ئاوەڕۆی لە پرۆژەکەدا دروستنەکردوە کە بڕیاربوە بیکات، هەتا ئەوانەش تەواونەکات مافی نییە داوای قیستی مانگانە لە بەشدارەکانی پرۆژەکەدا بکات.
دوای ئەمە، کۆمپانیاکە لەلای دادگای تێهەڵچونەوەی کەرکوک/ گەرمیان، تانەی لە بڕیارەکەی دادگای بەرایی کەلاردا.
دادگاکەش پاش پێداچونەوەی خۆی، بڕیاریداوە بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی دادگای بەرایی کەلار و لە بری ئەوە بەشداربوەکەی ناچارکردوە کە دەبێت پارەی قیستی مانگانە بدات.
بەپێی کۆپییەک لە بڕیارەکەی دادگای تێهەڵچونەوەی کەرکوک/ گەرمیان کە رۆژی (٢٨ـی تشرینی دوەمی ٢٠٢٤) دەرچوە، دەڵێت: کۆمپانیاکە بەپێی ئەو گرێبەستەی لەنێوانیاندا بوە، هەستاوە بە دروستکردنی یەکەیەکی نیشتەجێبون و رادەستکردنی بە بەشداربوەکە، بۆیە لەسەر بەشداربوەکەیە کە پارەی قیستی مانگانە بدات.
لەبارەی ئەوەیش کە چۆن بەشداربوەکە پارەی قیستی مانگانە بدات لەکاتێکدا بڕگە خزمەتگوزارییەکانی پرۆژەکە جێبەجێ و تەواو نەکراوە؟ دادگای تێهەڵچونەوەی کەرکوک/ گەرمیان ئاماژەی بەوەداوە لەحاڵەتی ئەوەی وەبەرهێنەر کەمتەرخەمی بنوێنێت لە جێبەجێکردنی بڕگە خزمەتگوزارییەکان، دەبێت روبەڕوی دادگا بکرێتەوە.
سەرباری ئەوەش دادگا بەشداربوەکەی ناچار کردوە کە قیستە مانگانەییەکە کە بە (٣٥٠) دۆلار دیارییکراوە، بیدات بە کۆمپانیاکە لەگەڵ دانی خەرجیی تێچوی پارێزەرانی کۆمپانیاکەش.
کێشەی پرۆژەی لانە سیتی لەکەلار، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە قیستی مانگانەی لە بەشداربوەکان دەوێت، بەشداربوانیش ئامادە نین ئەو قیستە بدەن بەوهۆیەی بڕگە خزمەتگوزارییەکانی پرۆژەکە تەواونەکراون.