دەنگ نێت
لیژنەیەکی وەزارەتی خوێندنی باڵا سەردانی هەردو زانکۆی گەرمیان و پۆلیتەکنیکی گەرمیانی کرد بە مەستی چێککردنەوەی ناوی گرێبەستان، بەپێی زانیارییەکانیش لە هەفتەی داهاتو بڕیار دەدرێت ئەو ناوانەی بەرزکراونەتەوە بکرێن بەگرێبەست یاخود نا.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٧ـی تشرینی دوەمی ٢٠٢٤، لیژنەیەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەمەبەستی وردبینی لەناو و دۆسیەی وانەبێژە دامەزراوەکان، سەردانی زانکۆی گەرمیان و زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیانی کرد.
لیژنەکە پێداچوونەوەو وردبینییان لەتەواوی دۆسیەی ئەو وانەبێژە بەگرێبەست دامەزراوانە دەکەن کە لەسەر میلاکی زانکۆی گەرمیان و زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان دادەمەزرێن.
بەپێی زانیارییەکانی رادیۆی دەنگ پاش تەواو بونی کاری لیژنەکە و سەردانکردنی تەواوی زانکۆکانی کوردستان، بڕیارە هەفتەی داهاتو هەمو تێبینییەکانیان بخەنە بەردەم وەزیری خوێندنی باڵا و دواتر بڕیار لەسەر ئەو کەسانە بدرێت کە دادەمەزرێن.
پێشتر رادیۆی دەنگ بڵاویکردەوە کە ژمارەیەک لەو کەسانەی بڕیارە لە زانکۆی گەرمیان دابمەزرێن، پێشتر وانەبێژ نەبون لە زانکۆکە.